چواردەمین شانۆی کوردی، لە شاری سەقز دەستی پێکرد

14:05 - 17 سەرماوەز 2717
ئاژانسی کوردپا: چواردەمین فێستیڤاڵی شانۆی کوردی، بە بەشداری ١٣ بەرهەمی شانۆکارانی شارەکانی کوردستان لە شاری سەقز بەڕێوە دەچێت.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی پێنجشەممە ١٦ی سەرماوەز، چواردەمین فێستیڤاڵی شانۆی کوردی، لە شاری سەقز بە دوو بەرهەمی شانۆی \"ئەوانگەڵ\" لە دەرهێنەری غوڵامڕەزا هیمەتیان لە شاری بیجاڕ و شانۆی \"عیشا\" بەرهەمی حامید ئیسماعیلوەند لە شاری ورمێ دەستی بە کارەکانی کرد.

شانۆی \"ئەوانگەڵ\" باس لە بەسەرهاتی ژن و پیاوێکی شوان دەکات، کە تووشی ڕووداوگەلێک دەبن و شانۆی \"عیشا\" باس لە کوشتاری خەڵکی بێتاوانی شارەکانی شەنگاڵ و هێرش بۆ سەر کوردستان دەکات.

١٣ شانۆکار و دەرهێنەر، بەرهەمەکانی خۆیان بۆ ئەو فێستیڤاڵە ناردووە و هەتا ڕۆژی یەکشەممە ١٩ی سەرماوەز بۆ ماوەی چوار ڕۆژ بەردەوام دەبێت و پاش هەڵسەنگاندنی لێژنەی داوەران خەڵاتی سەرکەوتووان دابەش دەکرێت.

ئەو فێستیڤاڵە، هونەرمەندان و شانۆکارانی شارەکانی ورمێ، بیجاڕ، مەریوان، بۆکان، سنە، مەهاباد، پاوە، سەقز و تاران تێیدا بەشداریان کردووە.

لە ڕۆژانی داهاتوودا، شانۆی \"دیل کراوەکان\" لە دەرهێنەری \"محەممەدئەمین کۆنەپۆشی\" لە مەریوان، شانۆی \"دەروێش مودی\" لە ورمێ لە دەرهێنەری \"ڕەسووڵ بانگین\"، شانۆی \"خەیاڵی پاکزاد\" لە پاوە بەرهەمی \"سەعید پاکزاد\"، شانۆی \"لە پشت دەرگاکان\" لە دەرهێنەری \"ڕەحیم عەبدولڕەحیم‌زادە\" لە شاری بۆکان، شانۆی \"مردووە بێ کفنەکان\" لە دەرهێنەری \"ساڵح بادپەروا\" لە مەریوان، شانۆی \"سەردەمی بێتاوانی\" بەرهەمی \"ئومید خاکپوور\" لە مەهاباد، شانۆی \"ئیمپراتۆر و ئەنجلۆ\" لە دەرهێنەری \"دونیا گوفتاری\" لە تاران و شانۆی \"زەماوەنی خوێن\" بەرهەمی \"پەرویز ئەحمەدی\" لە سەقز، شانۆی \"پانکییەکان\" لە دەرهێنەری \"حەسەن تەرقی\" لە سنە، شانۆی \"پەریخان\" بەرهەمی \"مەنسوور حوسێن‌زادە\" لە تاران نمایش دەکرێن.