چوار ئەندامی دیکەی \"باندی هیواتاب\" لە سێدارە دران+ناسنامە

14:55 - 6 رێبەندان 2713
ئاژاسنی کوردپا: رێکخراوی زیندانەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران، چوار ئەندامی دیکەی باندی ناسراو بە (هیواتاب)ی لە شاری سنە لەسێدارە دا.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا؛ شەوی رابردوو رێکەوتی ٦ی رێبەندان چوار هاووڵاتیی کورد بەهۆی ئەندامەتی لە باندی هیواتاب، فەرماندەی پێشووی ئیتلاعاتی سپای مەریوان، لە زیندانی ناوەندیی شاری سنە لە سێدارن دران.

ناسنامەی ئەو چوار کەسە، کەماڵ هووشیاری کوڕی حاجی محەممەد خەڵکی گوندی \"کێکن\"ی سەربە شاری مەریوان، محەممەد \"گەلە\" خەڵکی گوندی \"ولەژێر\"ی سەربە شاری مەریوان و موسلیم رەشیدی کوڕی حاجی زاهیر خەڵکی گوندی \"دەگاگا\"ی سەربە شاری سەوڵاوا و بارزان زەمانی کوڕی حاجی میرزائاغا و خەلکی گوندی \"دادانە\"ی سەربە شاری سنە راگەیەندراوە.

کەماڵ هووشیاری، کە \"ژن برا\"ی هیو تاب بووە، لە کاتێکدا لەسێدارە دراوە، کە پێشتر دەزگای قەزایی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران ناوبراوی بە ٢٣ ساڵ زیندانیی تەعزیری مەحکووم کردبوو.

تەرمی ئەو چوار کەسە رادەستەی بنەماڵە و کەسوکاریان کراوەتەوەو پێیان راگەیاندراوە، کە بەبێ ئامادەبوونی خەڵک رێوڕەسمی بەخاک سپاردنیان بەڕێوە بەرن.

هەواڵنێری کوردپا لە شاری مەریوانەوە رایگەیاند؛ هەنووکە شاری مەریوان بە هێزێکی زۆری نیزامی و لباس شەخسی میلیتاریزە کراوە و لە زۆربەی شەقام و شوێنەگشتییەکان جێگیر بوونە.

پێشتریش چوار ئەندامی دیکەی ئەو باندە بەناوەکانی \"هیوا تاب، حەمید داباشی، محەممەد گەلاوێژی و عەلی قادریان\" رۆژی ١٩ی مانگی رەزبەری ساڵی ١٣٩٢ لە شاری سنە لەسێدارە دران.

بەوتەی هاووڵاتییانی ناوچەی مەریوان، باندی \"هیواتاب\" بۆ ماوەی ساڵەکانی ١٣٨٤ هەتا ١٣٨٨ لە شاری مەریوان و سەوڵاوا، لە هیچ چەشنە \"رێگری و جینایەتێک\" بەدژی هاووڵاتییان خۆی نەبواردووە و سەرجەمی ئەو کارانەشیان بە ئاگاداریی وەزارەتی ئیلاعات ئەنجام داوە.

هیوا تاب تەمەن ٤٤ ساڵ و کوڕی عەوڵا بەگ و خەڵکی گوندی ولەژێری مەریوان بوو، کە بەوتەی هاووڵاتییانی ناوچەی مەریوان، لەساڵی ١٣٦٣ی هەتاوییەوە چەکی سپای پاسدارانی هەڵگرتبوو.

بەپێی ئاماری تۆمار کراو لە ناوەندی ئاماری ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا؛ لە ماوەی ساڵی ٢٠١٣ی زایینیدا ٥٢ هاووڵاتیی کورد لە زیندانەکانی وڵاتی ئێرانداو بە تاوانی جۆراوجۆر لەسێدارە دراون.