چوار کەس لە مەئموورانی زیندانی سەقز دەسبەسەر کران

11:48 - 10 خاکەلێوه 2720

ڕێکخراوی دادوەریی هێزە چەکدارەکانی حکوومەتی ئێران، باسی لە دەسبەسەرکردنی ٤ کەس لە مەئموورانی زیندانی شاری سەقز، بەهۆی هەڵاتنی ٧٤ زیندانی لە زیندانی ئەو شارە کرد.

بەرپرسی ڕێکخراوی دادوەریی کوردستان، ڕایگەیاند: "لەسەر بڕیاری سەرۆکی دەزگای دادوەری سەبارەت بە لێپرسینەوە لە تاوانبارانی زیندانی سەقز، دۆسیەیەک لە دادسەرای نیزامیی حەوزەی سەقز پێک هێنراوە و لەو پەیوەندییەدا، سەرەڕای بانگهێشتکردنی مەئموورانی زیندان، چوار مەئمووری زیندانی سەقز دەسبەسەر کراون."

لەو پەیوەندییەدا، دۆزگەری گشتی و ئینقلابی پارێزگای سنە ڕایگەیاند: "لە ٧٤ زیندانیی هەڵاتووی زیندانی سەقز، تەنیا ١٠ کەس لە زیندانییە هەڵاتووەکان دەسبەسەر کراوە و گەڕێندراونەتەوە زیندان و ٢ کەسیش بۆ خۆیان گەڕاونەتەوە زیندان".

ڕۆژی هەینی ٨ی خاکەلێوە، ژمارەیەک لە زیندانییانی زیندانی سەقز، پاش دەستپێکردنی ناڕەزایەتی لەو زیندانەدا، توانییان دەرگای زیندانەکە بشکێنن و هەڵبێن".

ناڕەزایەتی لە زیندانی سەقز بەهۆی پێنەدانی مورەخەسی بە زیندانییەکان و بڵاوبوونەوەی نەخۆشیی کۆرونا ڕووی داوە.

ناوی ژمارەیەک لە زیندانییانی هەڵاتوو لەلای ئاژانسی کوردپا پارێزراوە و ئاژانسی کوردپا بە هۆکاری ئەمنییەتی لە بڵاوکردنەوەی شوناسی ئەو زیندانییانە خو دەبوێرێت.