چوار کۆڵبەری ناوچەی ورمێ، ٤ رۆژە چارەنووسیان ناڕوونە

15:37 - 14 رێبەندان 2713
ئاژانسی کوردپا: چوار کۆلبەری کوردی خەڵکی ناوچەی مەرگەوەڕی ورمێ ماوەی ٤ رۆژە بێسەروشوێن بوونە و هیچ هەواڵێک لە چارەنووسیان لەبەر دەستدا نییە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا و بەوتەی هاووڵاتییان، لە کاتێکدا ئەو چوار کۆڵبەرە کوردە بە مەبەستی کۆڵبەری روویان لە گوندی \"گەلێشە\"ی خاکی تورکیا کردبوو، ماوەی ٤ رۆژە چارەنووسیان روون نییەو هاووڵاتییان و بنەماڵەی ئەو کۆڵبەرانە تووشی نیگەرانی بوونە.

ناوی ئەو چوار کۆلبەرە کوردە، فاخیر شینۆدووکانە، کوڕی ئەحمەد و خەڵکی گوندی گێسیان، شاکر شینۆدووکانە کوڕی ئەحمەد خەڵکی گوندی گێسیان، ئادەم گردی‌پوور کوڕی مستەفا و خەڵکی گوندی شێخ‌زەرد و خەبات کوڕی مووسا و خەڵکی گوندی دزە\"ی ناوەچەی مەرگەوەڕی ورمێ راگەیاندراوە.

دەگوترێت، لە شوێنێک بەناوی \"خانادۆڵ\"، کە رێگەی گەڕانەوەی ئەم کۆڵبەرانەیە، بەفرێکی زۆر هەرەسی کردووە و هاووڵاتییانی تووشی نیگەرانی و دڵەراوکێ کردووە و گومانی ئەوەیان هەیە کە کەوتبێنە ژێر بەفر.

ئەو کۆڵبەرە کوردانە رۆژی هەینی رێکەوتی ١١ی رێبەندان بە مەبەستی کۆڵبەری کردن روویان لە گوندی گەلێشەی وڵاتی تورکیا کردووە و هاتا ئێستاش سەەڕای گەڕانی هاووڵاتییان لەو ناوچەیە، چارەنووسی ئەو چوار کۆڵبەرە بە ناڕوونی ماوەتەوە.

سەختیی باری گوزەران و کەم داهاتی لە ناوچە کوردنشینەکانی ئێران لەماوەی ٢ ساڵی رابردوودا گەیشتۆتە ئەوپەڕی خۆی و رێژەیەکی بەرچاو لە هاووڵاتییان بە ناچاری لە کاتی بەفر و بۆرانیشدا روو لە کۆڵبەریی سەر سنوورەکان دەکەن، کە زۆر جار بەرەوڕووی رەق هەڵاتوویی و هەرەسی بەفر دەبنەوە و گیان لەدەست ئەدەن.

لە رێکەوتی ٦ی سەرماوەز ٢ کۆڵبەری کورد بەناوەکانی فەرهەنگ فەتاحی ته‌مه‌ن ١٧ سال و یاسر ئەنساری نژاد ته‌مه‌ن ٢٢ سال، کە خەڵکی گوندی \"خانەگێ\"ی سەربە ناوچەی تەرگەوەڕی ورمێ بوون، بەهۆی هەرەسی بەفرەوە گیانیان لەدەست دا.

هەروەها چەند رۆژ دواتر و لە رێکەوتی ٢٢ی سەرماوەزدا دوو کۆلبەری دیکەی خەڵکی گوندی \"پیرانجوق\"ی سەربە ناوچەی سۆمای ورمێ بەناوەکانی \"پەرویز دێهقان\" و \"زیاد دەرگەیی\" لەبەرزاییەکانی گوندی \" ئەشكەوتان\"‌ی ناوچەی شەمزینانی سەر بە ئوستانی هەكاری لە وڵاتی تورکیا كەوتوونەتە ژێر رنووی بەفرەوە گیانیان لەدەست دا.