چوار ژنە کرێکاری کورد لە کورەخانه تووشی سووتاوی بوون

20:54 - 9 خەرمانان 2717
ئاژانسی کوردپا: چوار ژنە کرێکاری کورد خەڵکی پشت تەپەی شاری مەهاباد لە کاتی کار کردن لە کورەخانه تووشی ڕووداوی کار بوون.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی چوارشەممە ٨ی خەرمانان، چوار ژنەکرێکاری کورد خەڵکی مەهاباد لە کورەخانەیەکدا لە شاری وایقان لە ناوچەی شەبستەری پارێزگای ئازەربایجان ڕۆژهەڵات لە کاتی کار کردن تووشی ڕووداوی کار هاتن و بە سەختی بریندار بوون.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو بارەیەوە بە ئاژانسی کوردپای ڕاگەیاند: ئەو چوار ژنە کرێکارە کوردە لە کاتی کار کردن بە هۆی تەقینەوەی \"پیک نیک\" بە سەختی بریندار بوون.

بە وتەی ئەو سەرچاوە ئاگادارە، ئەو تەقینەوەیە لە ژوورێک کە شوێنی مانەوەی ئەو کڕیکارنە بووە ڕووی داوە لە ئاکامدا ئەو کرێکارنە ٣٠ هەتا ٥٠ لەسەدا تووشی سووتاوی بوون.

شوناسی ئەو چوار ژنە کرێکارە کوردە شەهلا محەممەدزادە تەمەن ٣٥ ساڵ، فاتمه ئیبراهیم‌زادە تەمەن ١٠ ساڵ، سۆزان عومەری تەمەن ١٤ ساڵ و سازگار عومەری تەمەن ١٤ ساڵ ڕاگەیەندراوە.

دەوترێت بارودۆخی دوو کەس لەو ژنه کرێکارانه ناجێگێر ڕاگەیەندراوە.

ئەو چوار ژنە کرێکارە، ئەندامی یەک بنەماڵە بوونه کە بۆ دابین‌کردنی بژیوی ژیانیان روویان لە شاری وایقان بۆ کرێکاری کردبوو.

هەنوکە بریندار بووەکان لە نەخۆشخانەی سووتای \"سینا\" لە شاری تەورێز لە ژیڕ چاودێری پزیشکی دان.

دەوترێ، ئەو کرێکارانە، کرێکاری وەرزی بوون خەڵکی پشت تەپەی شاری مەهاباد بوون کە بۆ دابین کردنی بژیوی ژیانیان ڕوویان لە شاری وایقان کردبوو.