چوار چالاکی کرێکاری بانگهێشتی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە کران

11:41 - 22 رێبەندان 2721

ڕۆژی پێنجشەممە ٢١ی ڕێبەندان، چوار چالاکی کرێکاری بە ناوەکانی "هاجەر سەعیدی، ڕامین کەریمی، فەردین میرەکی و عیسا مورادی" بانگهێشتی ستادی خەبەری ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە کران.

بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزە ئیتلاعاتییەکان ئەو چوار چالاکە کوردەیان لە پەیوەندیی لەگەڵ چالاکییەکانیان بانگهێشت و لێپرسینەوەیان لێ‌کردوون.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها ئەوەشی خستەڕوو؛ هێزە ئەمنییەتییەکان هەوڵیان داوە ئەو چوار چالاکە کرێکارییە، بە ئەندامییەتی لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری حکوومەتی ئێران، تاوانبار بکەن.

ڕۆژی چوارشەممە ٢٢ی گەلاوێژی ساڵی ٩٩، حوکمی ٥ ساڵ زیندانیی تەعلیقی بۆ ماوەی چوار ساڵ لەلایەن لقی ١ی دادگای ئینقلابی شاری سنە بە تۆمەتی "ئەندامیەتیی لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپوزسیونی حکوومەتی ئێران" بە "هاجەر سەعیدی"، چالاکی مافی ژنان ڕاگەیەندرابوو.

ڕۆژی یەکشەممە ١٨ی جۆزەردانی ساڵی ٩٩، مەئموورانی وەزارەتی ئیتلاعات بە هێرش کردنە سەر ماڵی ئەو چالاکە کرێکارییە و پاش دەسبەسەر کردنی، ناوبراو ڕۆژی چوارشەممە ٤ی پووشپەڕی هەمان ساڵ بە دانانی بارمتە ئازاد کرابوو.

هەروەها فەردین میرەکی، چالاکی کرێکاری و ئەندامی پێشووی "کومیتەی هاوئاهەنگی بۆ پێکهێنانی ڕێکخراوە کرێکارییەکان" ساڵی ٩٣ لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر و بە تۆمەتی "ئەندامبوون لەو کومیتەی و ئەندامییەتیی لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکان"، لەلایەن لقی ١ی دادگای ئینقلابی سنە، بە ساڵێک زیندانی تەعزیری، لە زیندانی ناوەندیی ئەو شارە مەحکووم کرابوو.