چوار چالاکی ژینگەپارێز لەکاتی کوژاندنەوەی ئاگری دارستانەکانی کوردستان گیانیان لەدەستدا

22:06 - 3 خەرمانان 2718
ئاژانسی کوردپا: چوار چالاکی ژینگەپارێز لە کاتی کوژاندنەوەی ئاگری دارستانەکانی مەریوان گیانی خۆیان لەدەستدا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەری کوردپا، ئەمڕۆ شەممە ٣ی خەرمانان، چوار چالاکی ژینگەپارێز، خەڵکی شاری مەریوان بە ناوەکانی \"شەریف باجوەر، ئومید کۆنەپۆشی، ڕەحمەت حەکیمی نیا و محەممەد پژوهی\" لە کاتی کوژاندنەوەی ئاگری دارستانەکانی دەوروبەری ئەم شارە گیانیان لەدەستدا.

لە کاتی گڕگرتنی دارستانەکانی دەوروبەری بەیاڵە و سەڵەسی شەش کەسی دیکەش بریندار بوونه.

\"\"ئومید کۆنەپۆشی
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئاگرگرتنی دارستانەکانی دەوروبەری بەیاڵە و سەڵەسی مەریوان بە هۆی تۆپبارانەکانی سپای پاسداران بووە.

شەریف باجوەر لەدایک بووی ساڵی ١٣٥٠ی هەتاوی کوڕی بایزید یەکێک لە چالاکانی مەدەنی دیاری کوردستان بووە، ئەم چالاکە مەدەنییە لە ساڵی ١٣٦٩ بە دروشمی \"نەبوونی توندوتیژی ڕێگەی پیرۆزی مرۆڤایەتییە\" لە کارێكی ناڕەزایەتییدا بە پاسکیل بەرەو تاران بەڕێکەوت.

ئەم چالاکە مەدەنییە کوردە، چەندین جار لە لایەن هێزەکانی ئیتلاعات دەسبەسەرکرابوو و ناوەندە ئیتلاعاتییەکان هەوڵیان دەدا بە دروستکردنی زەخت لەسەر ناوبراو ناچاری بکەن دەست لە چالاکییە مەدەنییەکانی هەڵبگرێت.