چوار چالاکی مەدەنیی کورد بۆ تێپەڕاندنی ماوەی حوکمەیان ڕەوانەی زیندانی بۆکان کران

10:48 - 14 رێبەندان 2719

ئەمڕۆ دووشەممە، ١٤ی ڕێبەندان، سێ چالاکی مەدەنیی کورد بە ناوەکانی "سمکۆ مەعرووفی، هومەن فەیزی و شاهۆ خزری"، بۆ تێپەڕاندنی ماوەی حوکمە بەسەردا سەپاوەکەیان، ڕەوانەی زیندانی بۆکان کران.

هەروەها ڕۆژی چوارشەممە، ٩ی ڕێبەندان، "ژاکا ئیسماعیل ‌پوور"، چالاکێکی دیکەی مەدەنیی کورد، بۆ تێپەڕاندنی ماوەی زیندانیبوونەکەی، بۆ زیندانی ناوەندیی بۆکان گوازرایەوە.

لقی ١٠١ی دادگای کەیفەریی بۆکان، ئەو چوار هاووڵاتییە کوردەی بە "تێکدانی نەزمی گشتی لە ڕێگای بەشداریکردن لە کۆبوونەوەی نایاسایی" تۆمەتبار و ئەو چوار کەسەی بە زیندان مەحکووم کردووە.

ڕۆژی چوارشەممە، ٢٠ی سەرماوەز، "سمکۆ مەعرووفی" بە دوو ساڵ زیندان حوکم درا و هەروەها کۆبوونەوەی پێڕاگەیشتن بە دۆسیەی "ژاکا ئیسماعیل ‌پوور، هومەن فەیزی و شاهۆ خزری"، ١ی بەفرانبار بەڕێوە چوو و ڕێکەوتی ٥ی بەفرانبار، حوکمی داسەپاو بەسەر ئەو سێ هاووڵاتییەدا، ڕاگەیەندرا.

بەپێی ئەو حوکمە، "ژاکا ئیسماعیل ‌پوور"، بە سێ مانگ، "هومەن فەیزی" بە چوار مانگ و "شاهۆ خزری" بە ساڵێک زیندانیی تەعزیری مەحکووم کران.

ڕۆژی سێشەممە، ٢٣ی ڕەزبەر، چوار چالاکی کوردی خەڵکی بۆکان، پاش ناڕەزایەتی لەمەڕ پشتیوانی لە ڕۆژئاوا دەسبەسەر کران و دواتر بۆ گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ ڕاگوێزران و ڕۆژی دووشەممە ٦ی خەزەڵوەر، پاش تەواوبوونی لێپرسینەوەکەیان، بۆ زیندانی بۆکان ڕاگوێزران.