چوار چالاکی مەدەنی و مافی مرۆڤ لە سنە، بانگهێشتی ئیتلاعات کران

13:17 - 10 خەزەڵوەر 2714
ئاژانسی کوردپا: ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سنە، لەدرێژەی رەوتی بانگهێشتی چالاکانی کورد لە پەیوەندی لەگەڵ خۆپیشاندانەکانی پشتیوانی لە خەڵکی کۆبانی، چوار چالاکی دیکەی کوردی بانگهێشت کرد.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا؛ چوار کەس لە چالاکانی ناسراوی کورد لە شاری سنە، لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارەوە بانگهێشت و بەرەوڕووی هۆشداری و لێپرسینەوە بوونەوە.

مەحموود مەحموودی سەرنووسەری دووحەفتەنامەی ئاگرینی رۆژ، ئیجلال قەوامی چالاکی مافی مرۆڤ و وتەبێژی رێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستان، سۆهراب جەلالی و ئەنوەر ساعید موچشی چالاکی مەدەنی ئەو چوار کەسە بوون بانگهێشتی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە کراون.

\"22952.jpg\"
ئەو چالاکە کوردانە، بەشداری کردنیان لە خۆپیشداندنی کۆبانیدا لێ قەدەغە کراوە
هەواڵنێری کوردپا لە زاری سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە رایگەیاند؛ ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سنە، بەو چوار چالاکە کوردەی راگەیاندووە، کە لەبەشداری کردن لە خۆپیشاندانەکانی پشتیوانی لە خەڵکی کۆبانی خۆ ببوێرن\".

دەگوترێ ئەو چوار چالاکە بەپێی هۆشداریی جیددیی ئیتلاعاتی هێزی ئینتزامیی شاری سنە، بەشداری کردنیان لە هەموو جۆرە کۆبوونەوەیەکی پەیوەندیدار بە پشتیوانی لە خەڵکی کۆبانییەوە لێ قەدەغە کراوە.

مەحموود مەحموودی، ئیجلال قەوامی، ئەنوەر ساعید موچشی و سۆهراب جەلالی، چوار کەس لە پشتیوانانی \"کەمپەینی کۆبانی بەتەنیا جێ ناهێڵێن\" لە شاری سنە بوون.

پێشتریش سیمین چایچی و کلسووم عوسمان‌پوو، دوو ژنە شاعیری کوردی خەڵکی شاری سنە، بەهۆی بەشداریکردن لە خۆپیشاندانەکانی ئەو شارەدا کە بۆ پشتگیری لە خەڵکی کۆبانی بەڕێوەچوو، بانگهێشتی ئیدارەی ئیتلاعات کرابوون.

ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لە کۆتایی مانگی رەزبەری ئەمساڵدا راپۆرتێکی لە پەیوەندی لەگەڵ بانگهێشت و دەستبەسەرکرانی هاووڵاتییانی کورد لەمەڕ بەشداری لە خۆپیشاندانەکانی کۆبانیدا بڵاو کردەوە کە لە ماوەی ١٥ رۆژدا لانیکەم ٢٣٠ کەس لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی شارە جیاجیاکانی کوردستانەوە بانگهێشت و دەستبەسەر کرابوون.

دەگوترێ، لە زۆربەی شارەکانی کوردستان و بەتایبەت لە شارەکانی سنە و مەریوان، بە شێک لە خۆپیشاندەران بە وتنەوەی دروشمی دژی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران و نەمان بۆ دیکتاتۆر، بەشدارییان لە خۆپیشاندانەکانی پشتیوانی لە کۆبانیدا کردبوو.