چوار چالاکی فەرهەنگی کورد لە شاری کرماشان دادگایی کران

14:57 - 19 رەشەمه 2718
ئاژانسی کوردپا: چوار چالاکی فەرهەنگی کورد لە لقی دووی دادگای ئینقلابی شاری کرماشان دادگایی کران.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، چوار چالاکی فەرهەنگی کورد بە ناوەکانی \"ئەردەشێڕ مووسەوی، مستەفا باقری ئاشنا، شەهریار تەهماسبی و ئەرسەلام هیدایەتی\" سەر بە پاڕێزگاکانی کرماشان و سنە، لە لقی دووی دادگای ئینقلابی شاری کرماشان، دادگایی کران.

کۆبوونەوەی دادگایی کردنی ئەو چوار چالاکە فەرهەنگییە، لە ڕۆژانی ١٥ و ١٦ ڕەشەممە، بۆ ماوەی دوو ڕۆژ بەڕێوەچوو و تۆمەتەوەپاڵدراوەکانی ئەو چوار چالاکە فەرهەنگییە، پێراگەیشتن کرا.

لقی دووی دادگای ئینقلابی شاری کرماشان، ئەو چوار چالاکە فەرهەنگییەی بە \"هەوڵدان دژی تەناهی نەتەوەیی لە ڕێگای ئەندامبوون لە گرووپە دژبەرەکانی نیزام، پڕوپاگەندە دژی نیزام، پێکهێنانی کۆمەڵ و گرووپ بۆ تێکدانی ئەمنییەتی نەتەوەیی\" تۆمەتبار کردووە.

دەوترێ، دادگایی کردنی ئەو چوار چالاکە فەرهەنگییە، درێژە دەبێت.

شەوی پێنجشەممە ١٤ی پووشپەڕ، \"ئەندازیار مستەفا باقری ئاشنا\"، دانیشتووی شاری کەنگاوەر و ئەندامی نیزامی ئەندازیاریی شاری کرماشان، \"سەید ئەردەشێر مووسەوی\"، خەڵکی کرماشان، کارناسی زانستی سیاسی، \"مێهدی ئازادبەخت\" خەڵکی شاری لوڕستان وێنەگر، \"ئەندازیار بیژەن هیمەتی\" خەڵکی شاری کرماشان و \"شەهریار تەهماسبی\" کارناسی کۆمەڵناسی، خەڵکی شاری کرماشان، لە بەڕێوەبەرانی ڕێوڕەسمی \"خوێندەوان\"، لە لایەن حیفازەت ئیتلاعاتی سپای پاسدارانەوە دەسبەسەر کراون و پاش دوو مانگ زیندانی بە دانانی بارمتەی هەتا کاتی بەڕێوەچوونی دادگاییەکەیان بە شێوەی کاتی ئازاد کران.

ئەرسەلان هیدایەتی، چالاکی فەرهەنگی کورد خەڵکی شاری قورووە، ڕۆژی هەینی ١٥ی پووشپەڕی ئەمساڵ، لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و ڕێکەوتی ٢١ی خەرمانان بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی ئازاد کرا.