چوار چالاکی عەرەب لە شاری ئەهواز دەستبەسەر کران

15:04 - 2 سەرماوەز 2716
ئاژانسی کوردپا: چوار هاووڵاتی عەرەب لە شاری ئەهواز لەلایەن ‌هێزە ئەمنیەتییەکانی ئەو شارەوە دەستبەسەر کراون.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لە ماوەی حەتووی ڕابردوودا، چوار کەس لە چالاکانی عەرەبی ئەهوازی لەلایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعات لە ناوچەی جیاجیاکانی شاری ئەهواز دەستبەسەر کراون.

محەممەد سواری تەمەن ٢٢ ساڵ، محەممەد محەممەدی تەمەن ٢٠ ساڵ، عەلی سواری تەمەن ٢٥ ساڵ و حەکیم مەروانی شوناسی ئەو چوار هاووڵاتییە عەرەبە دەستبەسەر کراوەن.

کەمپەینی داکۆکی لە زیندانیانی سیاسیی و مەدەنی بڵاویکردەوە، ئەو چوار هاووڵاتییە عەرەبە لە ماوەی ڕۆژانی ٢٥ی خەزەڵوەر هەتا٢٩ی خەزەڵوەری ١٣٩٥ی هەتاوی دەستبەسەر کراون.

محەممەد سواری خەڵکی گەڕەکی عەلەوی(حی الثورە) شاری ئەهواز لەلایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کراوە.

محەممەد محەممەدی (عبیات) خەڵکی حەمیدیەی شاری ئەهواز ڕۆژی ٢٦ی خەزەڵوەر لە ماڵەکەی خۆیدا دەستبەسەر کراوە.

ناوبراو پێشتر لە ساڵی ١٣٩٣ی هەتاوی بە هۆی چالاکی مەزهەبی لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعات دەستبەسەر و دواتر بە دانانی بارمتەی ١٥٠ میلیۆن تمەنی ئازاد کراوە.

هەروەها، عەلی سواری خەڵکی گەڕەکی عەلەوی لەلایەن هێزە ئەمنیەتییەکان دەستبەسەر کراوە.

هێزە ئەمنیەتییەکان لە کاتی دەستبەسەر کردنی ئەو هاووڵاتییە ماڵەکەیان پشکنیوە و لە کاتی پشکنیندا هێندێک کتێب و کەرەستەی شەخسی ناوبراویان لەگەڵ خۆیان بردووە.

عەلی سواری یەکێک لە چالاکانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانە کە دوو ساڵ پێش لە ساڵیادی ڕاپەڕینی خەڵکی ئەهواز بە تەقەی ‌هێزەکانی حکوومەتی بریندرا کرا.

بەدواداچوونی بنەماڵەی ناوبراو لە مەڕ چارەنووسی کوڕەکەیان بێ ئاکام بووە.

لە درێژەی كەش و دۆخی نائاسایی و ئەمنیەتیی ناوچە عەرەب نشینەكانی ئەهواز، ڕۆژی شەممە ٢٩ خەزەڵوەر، لاوێکی دیکەی عەرەب بە ناوی حەکیم مەروانی خەڵکی ناوچەی مەلاشیە لە لایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتی شاری ئەهوازەوە دەستبەسەر کراوە.

هێزە لیباس شەخسییەکان بەبێ بەڵگە و موڵەتی قەزایی ناوبراویان دەستبەسەر کردووە و بۆ شوێنێکی نادیار ڕایان گواستووە.

حەکیم مەروانی خوێندکاری \"تراشکاری\" لە زانکۆی ئەهواز و یەکێک لە چالاکانی فەرهەنگی لە تۆڕە کۆمەڵاتییەکانی ئەهواز بووە.

بنەماڵەی ئەو دەستبەسەر کراوانە وێڕای بەدواداچوون لەمەڕ چارەنووسی کوڕەکانیان هیچ زانیارییەکیان لەلایەن وەزارەتی ئیتلاعاتەوە پێ نەدراوە.