چوار چالاکی سێنفیی مامۆستایانی دیواندەرە هێشتا لە گرتنگەی ئیتلاعات ئازاد نەکراون

11:46 - 15 پووشپەڕ 2722

سەرەڕای تەواوبوونی درێژکردنەوەی ماوەی دەسبەسەریی "هیوا قورەیشی، ئومید شامحەممەدی، پەرویز ئەحسەنی و کاوە محەممەدزادە"، لە ئەندامانی ئەنجومەنی سێنفیی مامۆستایانی کوردستان- دیواندرە هێشتا لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە دان.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو چوار چالاکە سێنفییە لە ماوەی دەسبەسەرکرانیدا هیچ چاوپێکەوتنێکیان لەگەڵ بنەماڵەکەیان نەبووە.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها ئەوەشی خستە ڕوو پاش تەواوبوونی ماوەی درێژکردنەوەی دەسبەسەریی ئەو چوار مامۆستا کوردە، نە بەرپرسانی ئیتلاعاتی سنە و نە بەرپرسانی دادگا لەمەڕ ئازادکردنی ئەوان تەنانەت بە بارمتە، هیچ ڕوونکردنەوەیەکیان بە بنەماکانیان دەسبەسەرکراوەکان نەداوە.

سەرچاوەی ئاگاداری کوردپا هەروەها ڕایگەیاندووە تەنانەت بەرپرسانی گرتنگەی ئیتلاعاتی سنە ئەو چوار چالاکە سێنفییەیان لە گرتنی پارێزەر بێبەری کردووە.

ڕۆژی چوارشەممە ٢٥ی جۆزەردان، ئەو چوار ئەندامەی ئەنجومەنی سێنفیی مامۆستایانی کوردستان- دیواندەرە لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرابوون.

"ئومید شامحەممەدی" ڕۆژی دووشەممە ٢١ی خەزەڵوەری ساڵی ٩٧ لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و پاش ٤٠ ڕۆژ دەسبەسەری بە دانانی بارمتە ئازاد کرابوو.

دواتر ئەو چالاکە سێنفییە بە تۆمەتی "هەوڵدان دژی تەناهیی نەتەوەیی" لەلایەن لقی ١ی دادگای ئینقلابی سنە، بە ساڵێک زیندانی تەعزیری مەحکووم کرابوو.

وێنە لە ڕاستەوە بۆ چەپ: هیوا قورەیشی، پەرویز ئەحسەنی، ئومید شامحەممەدی و کاوە محەممەدزادە