چوار چالاکی سێنفیی مامۆستایانی دیواندەرە بە زیندان مەحکووم کران

23:18 - 11 سەرماوەز 2722

ئومید شامحەممەدی، پەرویز ئەحسەنی، کاوە محەممەدزادە و هیوا قوڕەیشی، لە ئەندامانی ئەنجومەنی سێنفیی مامۆستایانی کوردستان - دیواندەرە، لەلایەن لقی ١ی دادگای ئینقلابی سنە، بە زیندان مەحکووم کران.

بەپێی ئەو حوکمە داسەپاوە، ئومید شامحەممەدی بەتۆمەتی "هەوڵدان دژی تەناهیی نەتەوەیی لە ڕێگای ئەندامییەتی لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکان" بە ٥ ساڵ زیندانی تەعزیری و هیوا قوڕەیشی، پەرویز ئەحسەنی و کاوە محەممەدزادە، هەر کامیان بە هەمان تۆمەت بە ٥ ساڵ زیندانی تەعلیقی مەحکووم کراون.

ڕۆژی سێشەممە ٨ی خەرمانانی ئەمساڵ، ئەو چوار ئەندامی ئەنجومەنی سێنفیی مامۆستایانی کوردستان - دیواندەرە، پاش ٧٦ ڕۆژ دەسبەسەری بە دانانی بارمتەی ٦ میلیارد تمەنی، لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە، ئازاد کرابوون.

ئەو چوار ئەندامەی ئەنجومەنی سێنفیی مامۆستایانی کوردستان - دیواندەرە، لە ماوەی دەسبەسەرکرانیدا، لە دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکانیان، بێبەری کرابوون.

ڕۆژی چوارشەممە ٢٥ی جۆزەردان، ئومید شامحەممەدی، هیوا قوڕەیشی، پەرویز ئەحسەنی و کاوە محەممەدزادە، لە ئەندامانی ئەنجومەنی سێنفیی مامۆستایانی کوردستان - دیواندەرە، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر و پاش دەسبەسەری بۆ گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە ڕاگوێزرابوون.

ئومید شامحەممەدی ڕۆژی دووشەممە ٢١ی خەزەڵوەری ساڵی ٩٧، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و پاش ٤٠ ڕۆژ دەسبەسەری بە دانانی بارمتە ئازاد کرابوو.

دواتر ئەو چالاکە سێنفییە بەتۆمەتی "هەوڵدان دژی تەناهیی نەتەوەیی" لەلایەن لقی ١ی دادگای ئینقلابی سنەوە، بە ساڵێک زیندانی تەعزیری مەحکووم کرابوو.