چوار چالاکی سێنفیی مامۆستایانی دیواندەرە بە دانانی بارمتەی قورس لە ئیتلاعاتی سنە ئازاد کران

19:17 - 8 خەرمانان 2722

ئەمڕۆ سێشەممە ٨ی خەرمانان، ئومید شامحەممەدی، هیوا قوڕەیشی، پەرویز ئەحسەنی و کاوە محەممەزادە، لە ئەندامانی ئەنجومەنی سێنفیی مامۆستایانی کوردستان - دیواندەرە، پاش ٧٦ ڕۆژ بە دانانی بارمتەی ٦ میلیارد تەمەنی، لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە، ئازاد کران.

بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو چوار چالاکە سێنفییە هەر کامەیان بە دانانی بارمتەی ١ میلیارد و ٥٠٠ میلیۆن تەمەن، لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە، هەتا کاتی دادگاییەکەیان بەشێوەی کاتی ئازاد کراون.

ئەو چوار ئەندامەی مامۆستایانی کوردستان - دیواندەرە، لە ماوەی دەسبەسەر کرانیدا، لە دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکانیان، بێبەری کرابوون.

پێشتر، شۆرای هاوئاهەنگیی ڕێکخراوی سێنفیی فەرهەنگییانی ئێران ڕایگەیاندووە کە ئەو چوار چالاکە سێنفییە بەتۆمەتی "پڕوپاگەندە دژی نیزام" تۆمەتبار کراون و بەپێی هەواڵە گەیشتووەکان، بۆ لێوەرگرتنی دانپێدانانی زۆرەملێ، لە ژێر گوشاری ناوەندە ئەمنییەتییەکاندان.

ڕۆژی سێشەممە ٤ی گەلاوێژ، مامۆستایانی شاری دیواندەرە بە نیشانەی ناڕەزایەتی لەمەڕ دەسبەسەرکردنی "ئومید شامحەممەدی"، "هیوا قوڕەیشی"، "پەرویز ئەحسەنی" و "کاوە محەممەدزادە"، لە ئەندامانی ئەنجومەنی سێنفیی مامۆستایانی کوردستان - دیواندەرە، لە بەرانبەر ئیدارەی پەروەردە و بارهێنان، کۆبوونەوە و ناڕەزایەتییان دەربڕیبوو.

پاش بڵاوکردنەوەی بانگەوازی بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی لە بەرانبەر ئیدارەی پەروەردە و بارهێنان، ناوەندە ئەمنییەتییەکان هەڕەشەیان لە مامۆستایان کرد کە لە ئەگەری بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەکە، هەوڵی دەسبەسەری و سەرکوتیان دەدەن.

پاش بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی، هێزە ئەمنییەتییەکان دەستیان بە لێدان و بێڕێزی و جنێودان و بڵاوەپێکردنی فەرهەنگییان و بنەماڵەی مامۆستایانی زیندانی، بەتایبەت دایک و باوکی پیری ئەوان کرد.

ڕۆژی چوارشەممە ٢٥ی جۆزەردان، "ئومید شامحەممەدی"، "هیوا قوڕەیشی"، "پەرویز ئەحسەنی" و "کاوە محەممەدزادە"، لە ئەندامانی ئەنجومەنی سێنفیی مامۆستایانی کوردستان - دیواندەرە، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر و پاش دەسبەسەری بۆ گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە ڕاگوێزرابوون.

ئومید شامحەممەدی ڕۆژی دووشەممە ٢١ی خەزەڵوەری ساڵی ٩٧، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و پاش ٤٠ ڕۆژ دەسبەسەری بە دانانی بارمتە ئازاد کرابوو.

دواتر ئەو چالاکە سێنفییە بەتۆمەتی "هەوڵدان دژی تەناهیی نەتەوەیی" لەلایەن لقی ١ی دادگای ئینقلابی سنەوە، بە ساڵێک زیندانی تەعزیری مەحکووم کرابوو.