چوار هاووڵاتیی کورد لە گرتنگەی ئیتلاعاتی سپا، چارەنووسیان ناڕوونە

14:54 - 13 رێبەندان 2718
ئاژانسی کوردپا: چوار هاووڵاتیی کوردی خەڵکی شاری پیرانشار لە گرتنگەی ئیتلاعاتی سپای پاسداران لە شاری ورمێ، جارەنووسیان بە ناڕوونی ماوەتەوە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، چوار هاووڵاتیی کورد، بە ناوەکانی \"باپیرە بەرزە، ئەسعەد مەحموودی، شێرکۆ عەلی‌محەممەدی و کەیوان نژادڕەسووڵ\" خەڵکی شاری پیرانشار، لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سپای پاسداران لە شاری ورمێ دان، هەروەها چارەنووسییان ناڕوونە.

ئەو چوار هاووڵاتییە کوردە، پاش دەسبەسەر کردنیان، بۆ لێکۆڵینەوە، ڕەوانەی گرتنگەی ئیتلاعاتی سپای پاسداران کراون و هیچ زانیارییەک لە سەر چارەنووسیان لە بەردەستدا نییە.

هیزە ئیتلاعاتییەکان سەر بە ئیتلاعاتی سپای پاسداران، ئەم چوار هاووڵاتییە کوردەیان، ڕۆژی دووشەممە ١٩ی سەرماوەزی ئەمساڵ، بە تۆمەتی\" ئەندامبوون و هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری حکوومەتی ئێران\"، دەسبەسەر کردووە.