چوار هاووڵاتیی کورد لە پیرانشار و نەغەدە دەسبەسەر کران

10:05 - 1 رێبەندان 2720

ڕۆژی سێشەممە ٣٠ی بەفرانبار، هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی "ڕەسووڵ لاوازە"، کوڕی محەممەد و خەڵکی شاری پیرانشار، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا.

هێزە ئەمنییەتییەکان، هیرشیان کردووەتە سەر شوێنی کاری ئەو هاووڵاتییە و ناوبراویان بە بێ بەڵگەی یاسایی دەسبەسەر کردووە.

هاوکات لەگەڵ دەسبەسەرکردنی "ڕەسووڵ لاوازە"، هێزە ئەمنییەتییەکان هێرشیان کردووەتە سەر گوندی "کانی بوداغ" سەر بە پیرانشار و دوو کەس لە دانیشتوانی ئەو گوندەیان، بە ناوەکانی "کەریم خەلیفانی"، کوڕی سلێمان و "حیسامەدین خزرزادە"، کوڕی ڕەسووڵیان بە بێ بەڵگەی یاسایی دەسبەسەر کردووە.

لەو پەیوەندییەدا، ڕۆژی سێشەممە ٣٠ی بەفرانبار، هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی "ڕەحمان ئیبراهیمی" کوڕی عەلی، خەڵکی گوندی "شاوەلە" سەر بە نەغەدە، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکان لە پەسوێی پیرانشار دەسبەسەر کرا.

هێزە ئەمنییەتییەکان لە کاتی دەسبەسەرکردنی ئەو هاووڵاتییە، ناوبراویان بە توندی ئازار و ئەشکەنجە داوە.

ئەو چوار هاووڵاتییە کوردە، پاش دەسبەسەری، بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزراون و هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە لە هۆکاری دەسبەسەریی ناوبراوان هیچ زانیارییەک لە بەر دەستدا نییە.