چوار هاووڵاتیی کورد لە شارەکانی کوردستاندا دەسبەسەر کران

10:59 - 24 رەزبەر 2719

ئاژانسی کوردپا: چوار هاووڵاتیی کورد لە شارەکانی ورمێ، پاوە و مەریوان لە کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی بۆ پشتیوانی لە ڕۆژئاوا دەسبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزراون.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی دووشەممە، ٢٢ی ڕەزبەر، لاوێکی کورد بە ناوی "مەسعوود سینابەندی" خەڵکی شاری ورمێ، بە تۆمەتی "بەشداری لە کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی لە هەمبەر پشتیوانی لە ڕۆژئاوا دەسبەسەر و هەتا ئێستا بێسەروشوێنە.

هەروەها لە شاری پاوە، دوو هاووڵاتیی کورد بە ناوەکانی "سروش ئەمینی و کەماڵ فەتاحی"، بەهۆی بەشداریکردن لە کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی لەمەڕ پشتیوانی لە ڕۆژئاوا، دەسبەسەر و چارەنووسیان ناڕوونە.

لە لایەکی دیکەوە، لاوێکی کورد بە ناوی "محەممەد نادری" بە تۆمەتی "ئاگردانی ئاڵای تورکیە" لە کۆبوونەوەی پشتیوانی لە ڕۆژئاوا، دەسبەسەر کراوە.

لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا، پاش بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی هاووڵاتییان لە شارەکانی کوردستانی ئێران لەمەڕ پشتیوانی لە ڕۆژئاوا و مەحکوومکردنی هێرشی دەوڵەتی تورکیە، ژمارەیەکی زۆر لە هاووڵاتییان لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر و بانگهێشتی ئەو ناوەندە حکوومەتییە کراون.