چوار هاووڵاتیی کورد لە زیندانی ناوەندیی ورمێ ئێعدام کران

16:19 - 3 بانەمەڕ 2718
ئاژانسی کوردپا: بەرپرسانی زیندانی ناوەندیی شاری ورمێ، حوکمی ئێعدامی چوار زیندانیی کوردیان لە زیندانی ئەو شارە جێبەجێ کرد.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، سەرلەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە ٣ی بانەمەڕ، چوار زیندانیی کورد، خەڵکی شارەکانی بۆکان، پیرانشار و ورمێ لە زیندانی ناوەندیی شاری ورمێ لە سێدراە دران.

شوناسی ئەو چوار هاووڵاتییە کوردە، بە ناوەکانی \"تەیب شێخ‌زادە، خەڵکی شنۆ، قادر محەممەدحەسەن خەڵکی بۆکان، یەدوڵڵا سەمەدی و ئیسلام ڕەشیدی خەڵکی ورمێ بە ئاژانسی کوردپا ڕاگەیەندراوە.

ئەو چوار زیندانییە کوردە، ڕۆژی یەکشەممە ٢ی بانەمەڕ، بۆ بەڕێوەچوونی حوکمی لەسێدارەدانیان ڕەوانەی ژووری تاکەکەسی کرابوون.

ئەو چوار زیندانییە ئێعدامکراوە، لە بەندەکانی ٣و٤_١٠_١ و ٢ و هەروەها بەندی ڕەوانیدا بوون و ماوەی ٦ هەتا ١٠ ساڵیشە لە زینداندا بوونه.

ئەو چوار زیندانییە کوردە، بە تاوانی کوشتنی بەئەنقەست لە لایەن دەزگای قەزاییی حکوومەتی ئێرانەوە حوکمی ئێعدامیان بە سەردا سەپابوو.

دەزگای قەزایی هەموو کاتێ، جێبەجێکردنی ئێعدام وەکوو وانەی هۆشدارکردنەوەی تاوانباران\" پێناسە دەکات، بەڵام داکۆکیکارانی مافی مرۆڤ لە هەمبەر ڕەهەندە نەرێنییەکانی بۆ سەر کۆمەڵگا هۆشدارییان داوە.