چوار هاووڵاتیی کورد لە زیندانی مەهاباد ڕەوانەی زیندانی بۆکان کران

12:57 - 22 رێبەندان 2719

ڕۆژی یەکشەممە ٢٠ی ڕێبەندان، چوار زیندانیی کورد بە ناوەکانی "محەممەد ئەلیاسی"، "هیوا قوربانی ئەقدەم" خەڵکی گوندی "قەرەگۆل"، مەنسوور شارەبان" خەڵکی گوندی "برایماباد و "هەژار عەباسی" خەڵکی گوندی گوێجەلی"ـی شاری بۆکان، لە زیندانی ناوەندیی شاری مەهاباد، ڕەوانەی زیندانی شاری بۆکان کرانەوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو چوار هاووڵاتییە کوردە، ماوەی ١٠ مانگە لە زیندان مەهاباد دان و هەتا ئێستا دادگایی نەکراون و هەتا ئێستا دادگا حوکمی ئەو چوار زیندانییەی دیاری نەکردووە.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها دەڵێت: "سەرەڕای دیاری نەکردنی تاوانەکەیان لەلایەن دادگاوە، دۆسیەی ئەو چوار زیندانییە کوردە، لە لای دوو دادوەر بە ناوەکانی "مووسەوی و ڕۆستمی"یەوە ڕاگیراوە".

ڕۆژی شەممە ١٨ی خاکەلێوە، دوو هاووڵاتی کورد، بە ناوەکانی "محەممەد ئەلیاسی" و "هیوا قوربانی ئەقدەم" خەڵکی گوندی "قەرەگۆل"ی شاری بۆکان، لە لایەن پایگای "قەرە مووساڵی"ـەوە، بانگهێشت و دواتر دەسبەسەر کران.

هەروەها، هێزە ئیتلاعاتییەکان، مەنسوور شارەبان و هەژار عەباسی، بە تۆمەتی هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری حکوومەتی ئێران دەسبەسەر کرابوون.