چوار هاووڵاتیی کورد خەڵکی شاری پیرانشار بە تۆمەتی \"هاوکاری لەگەڵ حیزبە کوردییەکان\" دەسبەسەر کران

14:10 - 9 رێبەندان 2718
ئاژانسی کوردپا: چوار هاووڵاتیی کوردی خەڵکی شاری پیرانشار، بە شێوەی جیا جیا لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر کران.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی دووشەممە ٨ی ڕێبەندان، هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی \"ڕزگار محەممەدی\" لە بەخشی لاجانی شاری پیرانشار و لە نزیک شاری گەردکشانه، لە لایەن ‌هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە، بە تۆمەتی \"هاوکاری لەگەڵ یەکێك لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپوزسیونی حکوومەتی ئێران\" دەسبەسەر کرا.

ئەم هاووڵاتییە کوردە، پاش دەسبەسەر کردنی بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزراوە.

هەروەها، ڕۆژی هەینی ٥ی ڕێبەندان، هاووڵاتییەکی کورد خەڵکی شاری پیرانشار بە ناوی \"یووسف ڕەسووڵی\" تەمەن ٣٢ ساڵ کوڕی فاروق لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر و هێزە ئیتلاعاتییەکان هۆکاری دەسبەسەر کردنی ئەم هاووڵاتییە کوردەیان \"هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپوزسیونی حکوومەتی ئێران\" ڕاگەیاندووە.

لەو پەیوەندییەدا، ڕۆژی چوارشەممە سێ ڕێبەندان، هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی \"عادڵ قادری\" تەمەن ٢٧ ساڵ کوڕی ڕەسووڵ خەڵکی \"پەسوێ\" سەر بە شاری پیرانشار، لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر کرا.

هەروەها، ڕۆژی پێنجشەممە ٧ی ڕێبەندان، هێزە ئیتلاعاتییەکان، هاووڵاتییەکی دیکەی کوردیان دانیشتووی گوندی \"پەسوێ\"ی پیرانشار بە ناوی \"مووسا ئیسماعیلی\" تەمەن ٢٢ ساڵ کوڕی محەممەد ئەمین دەسبەسەر کردووە.

هۆکاری دەسبەسەر کردنی ئەم دوو هاووڵاتییە کوردە، \"هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپوزسیونی حکوومەتی ئێران\" ڕاگەیەندراوە.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، بەدواداچوونەکانی بنەماڵە و نزیکانی ئەم چوار هاووڵاتییە کوردە بۆ ئاگادار بوون لە چارەنووسی کوڕەکانیان بێ‌ئاکام ماوەتەوە.