چوار هاووڵاتیی کورد بە هۆی تەقینەوەی کەرەستەی بە جێماوەی شەڕ کوژراو و بریندار بوون

14:21 - 4 خاکەلێوه 2718
ئاژانسی کوردپا: چوار هاووڵاتیی کورد خەڵکی شاری سەقز و ناوچەی سەرئاوڵەی پارێزگای ئیلام بە هۆی تەقینەوەی مین و کەرەسته بەجێماوەکانی سەردەمی شەڕی ئێران و عێراق بوونە قوربانی.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی هەینی ٣ی خاکەلێوە، هاووڵاتییەکی تەمەن ٣٦ ساڵ خەڵکی گوندی \"ئیسحاق‌ئاوای\" شاری سەقز بە هۆی تەقینەوەی یەکێک لە مینە بەجێماوەکان، هەر دوو لاقی لە دەست دا.

شوناسی ئەو هاووڵاتییە کوردە بە ناوی \"مەنسوور مورادی\" تەمەن ٣٦ ساڵ کوڕی محەممەدعەلی خەڵکی گوندی \"ئیسحاق‌ئاوا\"ی شاری سەقز ڕاگەیەندراوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، لە ئەنجامی تەقینەوەی ئەو مینەدا، مەنسوور مورادی هەر دوو لاقی لە دەست داوە و بۆ چارەسەری پزیشکی ڕەوانەی یەکێک لە نەخۆشخانەکانی شاری سنە کراوە.

لە لایەکی دیکەوە و لە هەمان ڕۆژدا، بە هۆی دەستکاری کردنی چاشنیی خۆمپارە لە ناوچەی \"سەرئاوڵەی\" پارێزگای ئیلام سێ کەس لە ئەندامانی بنەماڵەیەک بوونە قوربانی.

شوناسی دوو کەس لەو سێ ئەندامەی ئەو بنەماڵەیە، بە ناوەکانی \"شوکروڵڵا ڕەحیمی\" تەمەن ٤٤ ساڵ(باوک)، \"عەلی‌ڕەزا ڕەحیمی\" (کوڕ)ی شوکروڵڵا تەمەن ١٠ ساڵ و خێزانی شوکروڵڵا تەمەن ٢٥ ساڵ ڕاگەیەندراوە.

سەرچاوەکانی هەواڵ باس لەوە دەکەن کە ئەو دوو هاووڵاتییە باوک و کوڕ بوونه و دەستبەجێ لەو ڕووداوەدا گیانیان لە دەست داوە و هەروەها خێزانی ناوبراو بۆ چارەسەری پزیشکی ڕەوانەی نەخۆشخانە و نەشتەرگەری بۆ کراوە.

ئەو ڕووداوە، لە ناوچەی \"بانکۆڵ\"ی شاری سەرئاوڵە ڕووی داوە.

شەڕی ٨ ساڵەی ئێران و عێراق لە کاتێکدا کە نزیکەی ٣٠ ساڵ پێش بە ئاگربڕ لە نێوان ئەو دوو وڵاتە کۆتایی پێی هاتووە و هێشتا ناوچە سنوورییەکان ئێران لە مینە چێندراوەکان خاوێن نەکراوەتەوە.