چوار هاووڵاتیی کورد بانگهێشتی ئیتلاعاتی پاوە کران

11:41 - 5 بەفرانبار 2719

ئاژانسی کوردپا: ئیدارەی ئیتلاعاتی پاوە چوار هاووڵاتیی خەڵکی ئەو شارەی بانگهێشت کرد و لێپرسینەوەیان لەگەڵ کراوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدریی کوردپا، لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا، چوار هاووڵاتیی کورد بە ناوەکانی "کەیهان عەزیزی، ئاشنا حەسەنزادە، سروش ئەمینی و ئەکبەر محەممەدی"، بانگهێشت و لێپرسینەوەیان لێکراوە.

ئەو چوار هاووڵاتییە کورد لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە هەڕەشەیان لێکراوە و پاش چەند کاتژمێرێک لێپرسینەوە، ئازاد کراون.

هەروەها ئیدارەی ئیتلاعاتی پاوە بنەماڵەی ئەندامانی حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێران بانگهێشت دەکات و هەڕەشەیان لێ دەکات.

لەو پەیوەندییەدا، ڕۆژی سێشەممە، ٣ی بەفرانبار، ئیدارەی ئیتلاعاتی بانە، بەڕێوەبەرانی کاناڵە تێلێگرامییەکانی ئەو شارەی بانگهێشت و هەڕەشەی لێکردوون کە لە ڕووماڵکردنی هەواڵی ناڕەزایەتییە خەڵکییەکان لە ڕۆژی ٥ی بەفرانبار، خۆیان ببوێرن.

هێزە ئیتلاعاتییەکان بە بەرێوبەرانی کاناڵە تێلێگرامییەکان ڕایگەیاندبوو کە لە ئەگەری ڕووماڵکردنی هەواڵی ناڕەزایەتیی هاووڵاتییان لە ڕۆژی ٥ی بەفرانباردا، لەگەڵ سزای قورسی قەزایی ڕووبەڕوو دەبنەوە.