چوار هاووڵاتیی کورد بانگهێشتی دادگای شاری سەقز کران

14:16 - 28 جۆزەردان 2718
ئاژانسی کوردپا: دادگای ئینقلابی شاری سەقز، چوار هاووڵاتیی کوردی خەڵکی ئەو شارەی بانگهێشت کردووە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، چوار هاووڵاتیی کوردی خەڵکی شاری سەقز، لە لایەن دادگای ئینقلابی ئەوە شارە بانگهێشت کراون و بەپێی ئەو بڕیارەی دادگا، دەبێ ئەو چوار هاووڵاتییە کوردە ئەمڕۆ دووشەممە ٢٨ی جۆزەردان، خۆیان بە دادگای ئەو شارە بناسێنن.

هەواڵنێری کوردپا لە شاری سەقز، شوناسی ئەو چوار هاووڵاتییە کوردەی، بە ناوەکانی: \"لوقمان قورەیشی\"، \"عەلی حوسێنی\"، \"سلێمان عەبدی\" و \"محەممەد عابدی\" ڕاگەیاندووە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، دادگای ئینقلابی شاری سەقز بە شێوەی فەرمی بە \"بانگهێشتنامە\" ئەو چوار هاوووڵاتییە کوردەی بانگهێشت کردووە.

پێشتر ئەو چوار هاووڵاتییە، بە هۆی بەشداریکردن لە ڕێوڕەسمی نەورۆزی ساڵی ٩٦، لە گوندی \"ئایچی\" شاری سەقز، لە لایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر و پاش چەند ڕۆژ لە گرتووخانە ئازاد کران.

سلێمان عەبدی، چالاکی مەدەنی ومامۆستای هونەرە جوانەکانی فەنی و حیرفەییی شاری سەقز و محەممەد عابدی، مامۆستای هونەری قوتابخانەکانی شاری سەقزە.

هەر لەو پێوەندییەدا، ڕۆژی چوارشەممە ٢٣ی جۆزەردان، لە لقی ١٠١ی دادگای جەزایی گشتیی شاری سەقز، چالاکێکی دیکەی بە ناوی \"بەختیار خۆشناو\"، چالاکی مافی مرۆڤ و هەواڵنێری ئاژانسی هەواڵی موکریان، دادگایی کرا.