چوار هاووڵاتیی لە کوردستان دەستبەسەر کران

21:21 - 1 رەزبەر 2716
ئاژانسی کوردپا: یەکێک لە ناوەندە ئەمنییەتی _ نیزامییەکان لە کوردستان ئێران هەوڵی دەستبەسەر کردنی چوار هاووڵاتیی کوردیان دا.

بەپێی ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، هێزە ئەمنیەتییەکانی شاری ئیلام ئێوارەی ڕۆژی سێ شەممە حەتووی ڕابردوو لاوێکی تەمەن ٢١ ساڵەیان بە ناوی سەجاد تابانی دەستبەسەر کرد.

مەئموورانی ئیتلاعاتی سپای پاسداران پاش دەستبەسەر کردنی ئەو هاووڵاتییە ئیلامیەیان بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگواست.

بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵنێری کوردپا، ئەو هەوڵەی هێزەکانی حکوومەت لە شەقامی \"سەدووقی\" و لەپەیوەندیی لەگەڵ\"حیزبە کوردەییەکانی ئۆپوزسیونی\" حکوومەتی بووە.

لە لایەکی دیکەوە هاووڵاتییەک لە شاری مەهاباد لە لایەن هێزەکانی حیفازەت ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کراوە.

شوناسی هاووڵاتیی دەستبەسەر کراو داود چەمەنی کوڕی محەممەد ڕاگەیەنراوە و سەرەڕای ٢٤ کاتژمێر بەسەر دەستبەسەر کردنی ئەو هاووڵاتییە بنەماڵەکەی لە چارەنووسی کوڕەکەیان بێ خەبەرن.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەیی ئەم هەواڵە، هۆکاری سەرەکی دەستبەسەر کردنی ئەو هاووڵاتییە تەمەن ٣٢ساڵە بە ناو ڕوونی ماوەتەوە.

هەرلەو پەیوەندییەدا، لە سەرەتای ئەم حەتوویەدا دوو هاووڵاتیی دیکە لە شاری سەردەشت لە لایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعات دەستبەسەر کراون.
شوناسی ئەو خوشک و برایە؛ بە ناوی لەیلا و ئاکام هەتیمی ڕاگەیەنراوە.

بنەماڵەی هەتیمی لەو باریەوە دەڵین؛ لە شوێنی ڕاگرتنی منداڵەکانیان هیچ زانیارییەکان نیە و بەڵام ماڵی هەتیمی لە لایەن مەئموورانی حکوومەتی پشکێنراوە.

لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا سازمانی حیفازەت ئیتلاعاتی سپای پاسداران لەگەڵ وەزارەتی ئیتلاعات زۆرترین دەستبەسەرکردنی سەڕەڕۆیانە و نایاسای لە شارەکانی ئێران لە ئەستۆ دا بووە و لەگەڵ شێوازە نامۆکان، بەو شێوەی کە ترس خۆف بۆ بنەماڵەی دەستبەسەر کراوەکان دروست بکەن.