چوار هاووڵاتیی لە زیندانی ورمێ ئێعدام کران

13:18 - 23 خەزەڵوەر 2717
ئاژانسی کوردپا: چوار هاووڵاتیی دیکە لە زیندانی ناوەندی شاری ورمێ ئێعدام کران.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بەئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی ٢١ی خەزەڵوەر، چوار هاووڵاتیی خەڵکی شاری میاندووئاو لە زیندانی ناوەندەی \"دریا\" ئێعدام کران.

شوناسی ئەو چوار زیندانییە ئێعدام کراوە بە ناوەکانی\" مورتزا قۆلی پوور\"،\"مێهدی حاجی زادە\"،\"قوباد مورادی\" و \"ڕامین عشقی\" ڕاگەیەندراوە.

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران لەو بارەوە بڵاوی کردەوە، ئەو چوار هاووڵاتییە بە تۆمەتی \"کوشتنی بە ئەنقەست\" حوکمی لە سێدارەیان بە سەردا سەپاوە.

\"قیساس\" لە یاساکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران بۆ سزای کوشتنی بە ئەنقەست لە بەرچاوگیراوە و بەڕێوەچوونی ئەو حوکمە بە مافی خاوەن کوژراوەکە بە ئەژمار دێت و ئەویش سەرپشکە لە جێبەجێکردنی، یان بەخشینی ئەو حوکمە.