چوار مانگ بێ‌ ئاگایی لە چارەنووسی هاووڵاتییەكی دەستبەسەر كراو لە بۆكان

16:49 - 8 گەلاوێژ 2712
ئاژانسی كوردپا: هاووڵاتییەكی شاری بۆكان دوای تێپەڕینی 4 مانگ لە گیرانی لەلایەن هێزەكانی سەر بە ئێدارەی ئیتلاعاتەوە، هەتا ئێستا چارەنووسی نادیارە.

بەپێی هەواڵی ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا، \"عەلی ماوەت\" دانیشتووی گەڕەكی \"میراوا\"ی بۆكان ماوەی 4 مانگ لەمەوبەر لەلایەن هێزە ئەمنیەتییەكانەوە دەستبەسەر كراوە و لەو كاتەوە هەتا ئێستا چارەنووسی نادیارە.

هەتا ئێستا زانیارییەك لە هۆكاری گیران و شوێنی راگرتنی ئەو هاووڵاتییە لەبەر دەستدا نیە.

بەپێی ئاماری تۆمار كراو لە ناوەندی ئاماری ئاژانسی كوردپا لە سەرەتای وەرزی هاوینی هەتا ئێستا 64 هاووڵاتیی كورد لە ناوچە كوردنشینەكانی ئێران بەتاوانی جۆراوجۆری وەك چالاكیی سیاسی، فەرهەنگی و مافی مرۆڤ لەلایەن هێزە ئەمنیەتییەكانی حكوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر كراون.

ئەو رێژەیە بە پشت بەستن بە ئاماری تۆماركراو لە ناوەندی ئاماری ئاژانسی كوردپا بڵاو كراوەتەوە و دەكرێ‌ ئاماری راستەقینە لەو رێژەیش زیاتر بێت.