چوار مامۆستای کورد بانگهێشتی ئیتلاعاتی شاری دیواندەرە کران

14:37 - 16 رێبەندان 2718
ئاژانسی کوردپا: چوار مامۆستای کورد خەڵکی شاری دیواندەرە، بانگهێشتی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارە کران و لێپرسینەوەیان لەگەڵ کرا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا، چوار مامۆستای کورد بە ناوەکانی \"سوویلا سەعیدی، مامۆستای زمانی عەرەبی، حەمید ئاریانا، مامۆستای زمانی ئینگلیسی، ئەسعەد ئەولیایی بەڕێوەبەری نووسیگەی کۆمەڵایەتی و عەتا ئیسفەندیاری مامۆستای وێژەیی زمانی فارسی\"، بانگهێشتی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری دیواندەرە کران.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەم چوار مامۆستا کوردە بە هۆی بەشداری کردن لە مانگرتنی سەرەتاسەری فەرهەنگییان، بانگهێشتی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری دیواندەرە کراون.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها دەڵێت: هێزە ئیتلاعاتییەکان، پاش لێپرسینەوە لەو چوار مامۆستا کوردە، هەڕەشەیان لێکردوون لە بەشداری کردن لە مانگرتنی فەرهەنگییان خۆببوێرن.

مانگی خەزەڵوەری ئەمساڵ، شۆرای هاوئاهەنگی ڕێکخراوەی سێنفی فەرهەنگییان لە ئێران لە بانگەوازێکدا داوای لە فەرهەنگییان کرد کە لە ماوەی ڕۆژانی ٢٢ و٢٣ خەزەڵووەر، بە نیسبەت جێبەجێ نەکردنی داخوازییەکان مان بگرن.

پاش مانگرتنی سەرتاسەری مامۆستایان، ژمارەیەک لە فەرهەنگییان لە کوردستان و ئێران، لە لایەن ناوەندە ئیتلاعاتییەکانەوە بانگهێشت و لێپرسینەوەیان لەگەڵ کرا.