چوار قامکی زیندانییەک لە زیندانی ئێڤین قرتێندرا

11:56 - 13 جۆزەردان 2722

 ئارش سادقی زیندانیی سیاسیی پێشوو و چالاکی مافی مرۆڤ لە تویتێری کەسیی خۆیدا، باسی لە قرتاندنی چوار قامکی زیندانییەک لە زیندانی ئێڤینی تاران کردووە.

ئەو زیندانییە سیاسییە هەروەها نووسیویەتی: "ڕۆژی ١٠ی جۆزەردان زیندانییەک بە تاوانی دزیکردن، لە بێهداریی زیندانی ئێڤین بە جۆرە دەزگایەک هاوشێوەی گیوتین چوار قامکی قرتێندرا".

ئارش سادقی هەرچەند ئاماژەی بە شوناسی ئەو زیندانییە نەکردووە، بەڵام نووسیویەتی: "ئەو کەسەی کە حوکمی قرتاندنی چوار قامکی لە بێهداریی زیندانی ئێڤین جێبەجێ کرا، لە زیندانی کرماشان بۆ زیندانی ئیڤین (بەندی ٧) ڕاگوێزرابوو".

ئەو زیندانییە سیاسییە لە درێژەدا نووسیویەتی: "ئەو حوکمە لەژێر چاوەدێریی توندی ئەمنییەتی لە بێهداریی زیندانی ئێڤین جێبەجێ کرا".

هەروەها سێ زیندانیی دیکە بە ناوەکانی "هادی ڕۆستەمی، مەهدی شەرفیان و مەهدی شاهیوەند" بۆ جێبەجێکردنی حوکمی قرتاندنی قامکی دەستیان لە زیندانی ورمێ، ڕەوانەی زیندانی ناوەندیی تارانی گەورە کراون.

ڕێککەوتنامە نێونەتەوەییەکان بۆ پێشگرتن لە ئازار و ئەشکەنجە و مافە مەدەنی و سیاسییەکان، سزای نامرۆڤانەی وەکوو قرتاندنی ئەندامانی جەستەیان قەدەغە کردووە، ئێران هەتا ئێستا کۆنواسیۆنی نێونەتەوەیی پێشگیری لە ئەشکەنجەی واژۆ نەکردووە.

ئیبراهیم ڕەئیسی سەرکۆماری ئێستای ئێران، پێشتر لە کاتێکدا کە بەرپرسی دەزگای دادی ئێران بووە، قرتاندنی دەستی بە "شانازیی گەورەی نیزام" ناوزەد کردبوو.