چوار فەرهەنگیی کورد لەریزبەندی مامۆستایانی هەڵکەوتووی ئێران دان

15:11 - 13 بانەمەڕ 2715
ئاژانسی کوردپا: لەوڵاتی ئێران لە ڕۆژی \"مامۆستا\"دا رێز لە ٤٦ مامۆستای سەرکەوتوو و هەڵکەوتوو گیراوە کە ناوی چوار مامۆستای کورد لە ریزی ئەو فەرهەنگییە سەرکەوتووانە دایە.

بە پێی ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لە ئوستانەکانی ئیلام، کوردستان و ئازەربایجانی رۆژئاوا چوار مامۆستای کورد وەکوو باشترینەکان لەئاستی ئێراندا هەڵبژێردراون و رێزییان لێگیراوە.

سەعدوڵڵا عێزەتی خاوەنی پروانامەی ماستەڕ لە رشتەی کۆمەڵناسی و خەڵکی ئیلام، ئەفشین لهۆنی دانیشتووی شاری مەریوان و مامۆستای سەرەتایی، بێهرووز مەجیدی خاوەنی بڕوانامەی دوکتوڕای شیمی و خەڵکی سەقز و ئەنوەر ئیسماعیلی پوور خەڵکی مەهاباد ناوی ئەو چوار مامۆستایە سەرکەوتوویەی کوردن.

\"26323.jpg\"
سەعدوڵڵا عێزەتی، ئەفشین لهۆنی، بێهرووز مەجیدی و ئەنوەر ئیسماعیلی پوور ناوی ئەو چوار مامۆستایە سەرکەوتوویەی کوردن
ئەو مامۆستایانە سەرەتا لەلایەن ئاستی ئوستانەکاندا هەڵبژێردراون و داوتریش پەروەندە و چالاکییەکانیان رەوانەی شاری تاران کراوە.

لەو بارەیەوە هەواڵدەریی ئیلنا بڵاوی کردبوویەوە، سەرجەم سێزدە هەزار و ٤٩٣ مامۆستای هەڵکەوتوو لە سەرانسەری ئێران دەسنیشان کراوە کە لە کۆی گشتی ئەو ڕێژەیە حەوت هەزار و ١٢٧ مامۆستای ژن و شەش هەزارو ٣٩٦ی دیکەش پیاون.

لە کۆی گشتی ئەو مامۆستا هەڵبژێردراونە لە ئاستی ئوستانەکاندا، ٤٦ مامۆستا وەکوو کەسی هەڵکەوتوو لە ئاستی ئێراندا دیاری کراون کە ١٣ کەسییان مامۆستایانی ژن پێکی دێنن.

لەئێران کوژرانی کەسێک بە ناوی ئەبوولحەسەن خانعەلی لەخۆپیشاندانە ناڕەزایەتییەکانی مامۆستایان لەرۆژی ١٢ی بانەمەڕی ١٣٤٠دا، وەکوو رۆژی مامۆستا دیاری کراوە.

پاش \"شۆڕشی ئیسلامی ئێران\" و کوژرانی مورتەزا موتەهێری لە مانگی بانەمەڕی ١٣٥٨دا، جارێکی دیکە ئەو رۆژە بە ناوی موتەهێرییەوە ناودێڕ کرایەوە.