چوار فەرمانبەری ئیدارەی پەروەردە و بارهێنانی مەریوان دەستیان لە کار کێشایەوە

10:48 - 10 خەزەڵوەر 2719

ئاژانسی کوردپا: چوار فەرمانبەری ئیدارەی پەروەردە و بارهێنانی شاری مەریوان، بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین لە بەڕێوەبەری و کارایی بەرپرسانی ئەو ئیدارەیە، دەستیان لە کار کێشایەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، چوار فەرمانبەری ئیدارەی پەروەردە و بارهێنانی شاری مەریوان، بە ناوەکانی "عەبدوڵڵا عەلیپوور، بەهادین شەریفی، سەلام سەعیدی و کۆسار خۆشاب"، دەستیان لە کار کێشایەوە.

ئەو چوار فەرمانبەرە کوردە، بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین بەنیسبەت "سووکایەتی بە هاوکاریی ئیداری و بارهێنان، هەڵسوکەوتی نەشیاو و دوور لە ئابڕووی مامۆستایەتی، لابردن و دانانی مامۆستایان بە شێوەی دڵخواز، باندبازی و کارناسی نەکراو، نەبوونی هاوکاری و کارشکێنی لە کاروباری یاسایی و ئیداری، زەربەلێدان لە پەروەردە و بارهێنانی شاری مەریوان"، دەستیان لە کار کێشاوەتەوە.

ئەو چوار فەرمانبەرەی ئیدارەی پەروەردە و بارهێنانی شاری مەریوان لە نامەی دەست لە کار کێشانەوەیان، پێداگرییان لەسەر ئەوە کردووە کە دەست لە کار کێشانەوەکەیان دوور لە هەر جۆرە مەسائیلی سیاسی و جەناحی بووە و تەنیا و تەنیا بەهۆی پاراستنی ئابڕوو و پێگەی هاوکاران و قوتابییەکان بووە.