چوار زیندانیی سیاسیی کورد لە زیندان ئازاد کران

16:16 - 9 بانەمەڕ 2716
ئاژانسی کوردپا: چوار زیندانیی سیاسیی کورد، دوای تێپەڕاندنی ماوەی حوکمەکەیان لە زیندانی شارەکانی مەریوان و کرماشان ئازاد کران.

بەپێی هەواڵی گەێشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی یەکشەممە ٥ی بانەمەڕ، دوو زیندانیی سیاسیی کورد بە ناوەکانی \"کاوە فەرجی\" و \"کاوە مورادی\" کە پێشتر لە ساڵی ١٣٩٠ی هەتاوی لە لایەن هێزەکانی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کرابوون، لە زیندانی ناوەندیی شاری مەریوان ئازاد کران.

کاوە فەرجی بە تاوانی هەواڵدان دژی تەناهی نەتەوەیی، لە ساڵی ٩٠ی هەتاوییەوە لە لایەن دادگای ئینقلابی شاری مەریوانەوە ٥ ساڵ زیندانی تەعزیریی بۆ بڕایەوە و هەروەها بە تۆمەتی هاوکاری لەگەڵ حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیونی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران، ٣ ساڵی دیکەش زیندانی بە سەردا سەپا.

کاوە مورادیش هەر بەو تاوانانەوە لە ساڵی ٩٠ەوە، بە ٥ ساڵ زیندان و ٥ ساڵ زیندانی تەعزیری مەحکووم کرا.

ئەو دوو هاووڵاتییە زیندانییە بەپێی مادەی ١٣٤\" تجمیع احکام\" و تێپەڕاندنی ماوەی زیندانییەکەیان لە زیندانی شاری مەریوان، ئازاد کران.

لە لایەکی دیکەوە، ڕۆژی سێ‏شەممە ٧ی بانەمەڕ، فەرزاد مورادی‏نیا چالاکی کرێکاری، دوای تێپەڕاندنی ١١ مانگ، لە زیندانی ناوەندیی شاری سنە بە بێ مەرج ئازاد کرا.

ئەو چالاکە کرێکارییە لە ١٦ی سەرماوەزی ساڵی ١٣٩٣ی هەتاوییەوە لە لایەن هێزە ئەمنیەتییەکانی حکوومەتی ئیسلامی، لە ماڵەکەی خۆیدا دەستبەسەر و لە بانەمەڕی ساڵی ڕابردوودا، لەلایەن لقێکی دادگای ئینقلابەوە بە دوو ساڵ زیندان مەحکووم کرا.

هەر لەو پەیوەندییەدا، ڕۆژنامەنووسێکی دیکەی کورد لە شاری کرماشان بە ناوی \"فەرزاد پوور مورادی\" لە زیندانی ناوەندیی شاری کرماشان ئازاد کرا.
ئەو ڕۆژنامەنووسە کوردە، بەڕێوەبەری ماڵپەڕی \"کرماشان پۆست بووە، و لە ڕێکەوتی ١٢بەفرانباری ساڵی ١٣٩٤ی هەتاوی، لە ماڵەکەی خۆیدا، لە لایەن لیباس شەخسییەکانەوە لەو شارە دەستبەسەر کرا.