چوار زیندانی کورد لە ورمێ ئیعدام کران

21:05 - 31 خاکەلێوه 2716
ئاژانسی کوردپا: چوار زیندانیی کورد لەلایەن بەرپرسانی قەزایی_ئەمنیەتییەوە لە زیندانی ناوەندیی شاری ورمێ ئیعدام کران.

بەپێی ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، سەر لە بیانی ئەمڕۆ سێشەممە ڕێکەوتی ٣١ی خاکەلێوەی ١٣٩٥ی هەتاوی، بەرپرسانی حکوومەتی لە زیندانی \"دەریای\" شاری ورمێ حوکمی چوار زیندانی سیاسی کوردیان بە ناوەکانی\"مەجید مورادی، ئەحمەڕ موحی، عەلیرەزا ساریان و مەنسوور ڕازیانی بەڕێوە برد.

ئیعدام کراوەکان لە کوردەکانی شاری ورمێ و شاری سەحنەی پارێزگای کرماشانن، کە دوێنی دوانیوەڕۆ لە بەندەکانی ١٤ و ١٥ ئەو زیندانە بۆ ژووری تاکەکەسی گواسترانەوە.

تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستان بە بڵاوکردنەوەیی ئەم هەواڵە، تۆمەتە وەپاڵدراوەکانی ئەو چوار زیندانییە کوردەی بە\" تاوانی ماددەی سڕکەر\" ڕاگەیاندووە.

بەپێی ئامارەی ئەمڕۆ لە شاری ورمێ، ژمارەی ئیعدامەکان لە ماوەی ١٠ ڕۆژی ڕابردوودا کە لە میدیاکان بڵاوبووتەوە گەیشتووەتە ٣٠ کەس.

میدیا و ڕاگەیەنەکانی فەرمی و قوەی قەزایی حکوومەتی ئیسلامی، هەتا ئێستا بە نیسبەت ئیعدام کردنی ئەو کەسانە بیدەنگیان هەڵبژاردووە.

ئیعدامەکان بە شێوەی کاتی بۆ ماوەی سی مانگ، بە بۆنەی هەڵبژاردنەکانی هەر دوو مەجلیسی شوورای ئیسلامی و خوبرەگان و هاتنی ساڵی نوێوە، لە ١٠ ڕۆژی ڕابردوو، سەر لە نوێ دەستی پێکردوەتەوە.

ماوەیەک پێش بەیاننامەیەک لەلایەن بەرپرسی کۆمیسیۆنی باڵای مافی مرۆڤ لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بڵاو کرابووە کە داوی لە دەوڵەتی ئێران کردبوو لە بەڕێوەبردنی حوکمی ئیعدامی تاوانبارنی ماددە سرکەرەکان بە دوا بخات هەتاکو مەجلیسی نوێ چاوێک بە گەڵاڵەی هەڵوەشانەوەیی حوکمی ئیعدام بە تاوانی ماددەی سڕکەر پیابخشێنت و حوکمی ئیعدام بەو تاوانە هەڵوەشێنێتەوە.

لانیکەم ٦٣٧ کەس لە ساڵ ٢٠١٥ بە هۆی تاوانی پەیوەندیدار بە ماددەی سرکەرەوە لە ئێران ئیعدام کراون، ئەو ئامارە ڕێژەی ئیعدام لە ساڵی ١٩٩٠زایینی زیاتر نیشان دەدات.