چوار زیندانی لە زیندانی ناوەندیی ورمێ لە سێدارە دران

11:38 - 10 بەفرانبار 2721

هەواڵدەریی هێرانا باسی لە لەسێدارەدانی چوار هاووڵاتیی تۆمەتبار بە "قەتڵ" لە زیندانی ناوەندیی ورمێ کرد.

ئەو هەواڵدەرییە شوناسی ئەو چوار هاووڵاتییەی بە ناوەکانی "حوسێن عەباس زادە، حەمدوڵڵا عالەمی، فەیزوڵڵا قوربانی و موقەدەم عەلی زادە" ڕاگەیاندووە کە پێشتر بە تۆمەتی "قەتڵ" لەلایەن دەزگای قەزاییەوە بە ئێعدام مەحکووم کرابوون.

بەپێی ئەو ڕاپۆرتە، ڕۆژی چوارشەممە ٨ی بەفرانبار، ئەو چوار زیندانییە لەگەڵ زیندانییەکی دیکە بۆ جێبەجێکردنی حوکمی لەسێدارەدانیان ڕەوانەی ژووری تاکەکەسیی ئەو زیندانە کران و لەنێوان ئەو پێنج کەسە، "ڕەشید وەتەن دووست"، ڕۆژی ڕابردوو بە وەرگرتنی مۆڵەت لە بنەماڵەی کوژراوەکە گەڕێندابووەوە بۆ بەندی گشتیی ئەو زیندانە.

هەتا ئێستا لەسێدارەدانی ئەو چوار زیندانییە لەلایەن میدیا نێوخۆییەکانی ئێران یان سەرچاوە فەرمییەکانەوە ڕانەگەیندراوە.