چوار زیندانی سوننی مەزهەبی بۆ زیندانی شاری مەهاباد ڕاگوێزران

14:23 - 2 بانەمەڕ 2719
ئاژانسی کوردپا: چوار زیندانیی سوننی مەزهەبی کورد، لە گرتووخانەی ڕەجای شاری کەرەج، بۆ گرتووخانەی شاری مەهاباد، ڕاگوێزران.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی شەممە ٣١ی خاکەلێوە، چوار زیندانیی کورد بە ناوەکانی \"ئەنووەر خزری کوڕی محەممەد، قاسم ئابستە کوڕی مستەفا، داود عەبدوڵلاهی کوڕی مەحموود و ئەیووب کەریمی عەمەر\" بۆ زیندانی ناوەندی شاری مەهاباد ڕاگوێزراون.

ئەو چوار زیندانییە کوردە، لەگەڵ سێ کەسی دیکە بە ناوەکانی \"خوسرەو بەشارەت کوڕی عەبدوڵلا، فەرهاد سەلیمی کوڕی مەجید و کامران شێخە کوڕی عەلی\"، سەبارەت بە دۆسیەیەکی گوماناوی لەڕێکەوتی ١٦ی سەرماوەزی ساڵی ٨٨ی هەتاوی، دەسبەسەر و لە زیندانی ڕەجای شاری کەرەج دابوون.

هەواڵدەریی \"هێرانا\" لەو بارەیەوە بڵاویی کردبووە، گوازتنەوەی ئەو چوار زیندانییە کوردە، بۆ زیندانی ناوەندی شاری مەهاباد، لە پەیوەندیی لەگەڵ دۆسیەی ١٠ ساڵی ڕابردوو، دابووە و لەو کاتەوە هەتا ئێستا، ئەو چوار زیندانییە، هیچ پەیوەندییەکیان لەگەڵ بنەماڵەکانیان دانەبووە.

ئەو چوار زیندانییە سوننی مەزهەبە، ساڵی ٩٤ لە لایەن دادگای ئینقلابی شاری تاران بە سەرۆکایەتی \"مقیسە\" حوکمی ئێعدامیان، بە سەردا، سەپابوو، بەڵام ئەو حوکمە لەلایەن دیوانی باڵای وڵات، لە لایەن دادوەر \"ڕازینی ڕەت کرابووە.