٢ كچه‌ وه‌رزشوانی كورد پله‌ی قاره‌مانیی ئێرانیان به‌ده‌ست هێنا

14:25 - 10 سەرماوەز 2715
ئاژانسی كوردپا: ٢ كچه‌ وه‌رزشوانی كوردی خه‌ڵكی شاری سه‌قز، له‌ بیسته‌مین خولی كێبڕكێكانی تێكواندۆ(قاره‌مانیی ئێران)دا، مێداڵیای زێڕ و بۆرۆنزیان به‌ده‌ست هێنا.

به‌پێی هه‌واڵی گه‌یشتوو به‌ ئاژانسی هه‌واڵده‌ریی كوردپا، له‌ بیسته‌مین خولی كێبڕكێكانی تێكواندۆی ژنان( قاره‌مانیی وڵات) له‌ ئاستی ته‌مه‌نی لاوان و گه‌وره‌ساڵان، كه‌ به ‌به‌شداریی ٢٠٣ وه‌رزشوان له‌ ٣١ پارێزگای ئێرانه‌وه‌ به‌ڕێوه‌چوو، تیمی تێكواندۆی ژنانی سه‌قز به‌ نوێنه‌رایه‌تیی پارێزگای سنه،‌ توانیی ٢ میداڵیای زێڕ و بۆرۆنز به‌ده‌ست بێنێت.

له‌ كێشی ٤٦ كیلۆدا \"ئه‌سرا هاشمی\" توانیی پاش سه‌ركه‌وتن به‌سه‌ر هه‌موو ڕكه‌به‌ره‌كانیدا میداڵی زێڕ به‌ده‌ست بێنێت و \"ڕووناك حه‌سه‌ن‎زاده‌\" له‌ كێشی ٥٧ كیلۆدا، پله‌ی سێهه‌می بۆ خۆی مسۆگه‌ر كرد و مێداڵی بۆڕۆنزی ئه‌م كێبڕکێیانه‌ی له‌ مل كرد.