چریکەی هەورامان ڕێزی لێ گیرا

20:33 - 3 خەزەڵوەر 2717
ئاژانسی کوردپا: کەمپەینی مێهربانییە چووکەکان لە شاری جوانڕۆ، بە بەشداریی چەند کەسێک لە هونەرمەندان و چالاکانی مەدەنی، ڕێزی لە هونەرمەندی سیاچەمانەبێژی کورد گرت.


بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی سێشەممە ٢ی خەزەڵوەر، بە نیشانەی چەند دەیە خزمەت بە هونەری گۆرانی سیاچەمانە لە ناوچەی هەورامان، ڕێز لە هونەرمەندی سیاچەمانەبێژ \"عوسمان هەورامی\" گیرا.

کەمپەینی مێهربانییە چووکەکان، بە نیشانەی ڕێزگرتن لە هەوڵەکانی عوسمان هەورامی لە بواری گۆرانی سیاچەمانە بە بەشداریی هونەرمەندی کورد، خەڵکی شاری جوانڕۆ \"جەهانبەخش غەفووری\" و هەروەها \"دوکتور محەممەد خانی\" ڕێزیان لە هونەرمەندی سیاچەمانەبێژ عوسمان هەورامی گرت.

مامۆستا عوسمان هەورامی، لە ساڵی ١٣١٤ی هەتاوی، لە گوندی \"كێمنە\" سەر بە شارستانی پاوە لە دایک بووە، ئەو لە ماوەی ژیانی هونەریدا ٧٠٠ سترانی كوردی هەورامی تۆمار كردووە.

ناوبانگی عوسمان هەورامی زیاتر بە بۆنەی ئەزموونی ئەو لە وتنەوەی سیاچەمانەیە.

عوسمان هەورامی لە کوردەواریدا بە \"بولبولەکەی هەورامان و باوکی سیاچەمانە\" ناسراوە.