چاڵدوران و پاوە/ کوژران و برینداربوونی ٢ کرێکارانی کورد

15:08 - 10 گەلاوێژ 2713
ئاژانسی کوردپا: ٢ کرێکاری کورد لە ٢ رووداوی جیاوازدا لە شارەکانی \" چاڵدوران و پاوە \" و لەکاتی کارکردندا بوونە قوربانی.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، سەرلە بەیانیی رۆژی چوارشەممە رێکەوتی ٩ی گەلاوێـــژ کرێکارێکی کورد بەناوی \"مەهدی قەهرەمانلوو\" تەمەن ٣٢ ساڵ و خەڵکی شاری چاڵدوران، لە بلواری \"بەسیج\" و لەکاتێکدا سەرقاڵی خاوێن کردنەوەی شەقام بووە، لە ئەنجامی رووداوی هاتووچۆی نێوان ٢ ماشین گیانی لەدەست دا.

مرهدی قەهرەمانلوو کرێکاری شارەوانی وەهەروەها خێزاندار و باوکی منداڵێکیش بووە کە پاش گەیشتن بە نەخۆشخانەی ئەو شارە بەهۆی کاری بوونی برینەکانییەوە گیانی لەدەست دا.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە لە پەیوەندی لەگەڵ کوژرانی ئەو کرێکارە کوردەی ئیدارەی شارەوانیی شاری چاڵدوراندا هیچ کەسێک دەستبەسەر نەکراوە.

لەلایەکی دیکەوە رێکەوتی ٢ی گەلاوێژ کرێکارێکی دیکەی کورد بەناوی \"عەبدولوەحید وەیسی\" لە بەنداوی \"داریان\"ی سەربە شاری پاوە، دەست و دەم و چاوی تووشی سووتان بووە و هەنووکە لەژێر چاوەدێریی پزیشکی دایە.

بەپێی ئاماری تۆمار کراو لە ناوەندی ئاماری ئاژانسی کوردپا، لەسەرەتای مانگی خاکەلێوەی ئەمساڵەوە هەتا ئێستا ٢٤ کرێکاری کوردی خەڵکی ناوچە کوردنشینەکانی ئێــران بەهۆی رووداوی کار و هاتوچۆوە گیانیان لەدەست داوە.

هەروەها بەپێی ئەو ئامارە ٩ کرێکاری دیکەی کورد بەهۆی رووداوی کارەوە بریندار بوون.

ئەو ئامارە رێژەییە و بەۆشت بەستن بە ئاماری تۆمار کراو لە ئاژانسی کوردپا بڵاو دەکرێتەوە، کە دەکرێ ئاماری راستەقینە لەو رێژەیەش زیاتر بێت.