چاپ کرانی وێنەی مامۆستای خاوەن هەڵوێستی مەریوانی لەسەر تەمر+وێنە

14:02 - 29 بەفرانبار 2713
ئاژانسی کوردپا: وێنەی ئەو مامۆستا کوردەی کە بە مەبەستی هاودەردی لەگەڵ قوتابییەکەی سەری خۆی تاشیبوو، لەسەر تەمـر (پوول) چاپ کرا.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا؛ دوابەدوای بڵاوبوونەوەی وێنە و نووسراوەی محەمەد عەلی محەمەدیان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و رێز گیران لە ناوبراو، وێنەی ئەو مامۆستا کوردە لەسەر تەمر چاپ کرا.

ئەو مامۆستایەی قۆناغی دووەمی سەرەتایی قوتابخانەی شێخ شەڵتووت سەربە شاری مەریوان، مانگێک پێش ئێستا وێنە و نووسراوەی \"سەری من و ماهانی ئازیز بە قژە سەر حەساسە\" لە لاپەڕەی تایبەتیی خۆیدا بڵاو کردەوە، کە لەگەڵ پێشوازیی بەکارهێنەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەرەوڕووی بوویەوە.

\"17893.jpg\"
هەروەها نووسیویەتی \"ماهانی ئازیز بەهۆی ئاسەوارەکانی شیمی دەرمانییەوە قژە سەری هەڵوەریوە\".

حەسەن رۆحانی، سەرکۆماری ئێران پاش بینینی هەڵوێستی ئەو مامۆستا کوردەی خەڵکی مەریوان فەرمانێکی تایبەتیی لەمەڕ رێزگرتن لەو مامۆستا کوردە و پێڕاگەیشتن بە دۆخی ئەو قوتابییە دەرکرد.

لەئێستادا شیرکەتی پۆست بە مەبەستی رێزدانان لەو هەڵوێستە ئینسانییەی ئەو مامۆستا کوردە، وێنەی ئەو مامۆستایەی هاوڕێ لەگەڵ قوتابییەکانی لەسەر تەمر چاپ کردووە.

لەسەر ئەو تەمرە نووسراوە \" هاودەردیی ئەو مامۆستا مەریوانییە لەگەڵ قوتابییەکەی شیاوی رێزلێنانە\".

محەمەد عەلی محەمەدیان ٢٣ ساڵ پێشینەی مامۆستایی لە قوتابخانەکاندا هەیە، کە ماوەی ١٩ ساڵ لەسەر داوای خۆی لە گوندەکان مامۆستا بووە.
\"17891.jpg\"