چاپ و بڵاو کرانەوەی دووەمین بەرهەمی شاعیرێکی کرماشانی

16:12 - 26 خەرمانان 2713
ئاژانسی کوردپا: شاعیرێکی نوێخوازی کوردی خەڵكی کرماشان دووەمین بەرهەمی شێعریی خۆی چاپ و بڵاو کردەووە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، \"ئێعسان نەجەفی\" شاعیری کوردی خەڵکی کرماشان کۆمەڵە شێعری \"گلوەدەرە\"ی بە زمانی کوردی چاپ و بڵاو کردەوە.

ئەو شاعیرە کوردە سالی ١٣٩٠ی هەتاویش کتێبێکی شێعری لە ژێر ناوی \"سەیرانا و پەری پەریانی پێشکەش بە ئۆگرانی ئەدەب و فەرهەنگی کوردی کرد.

\"15421.jpg\"
ئێعسان شاعیری کوردی خەڵکی کرماشان
ئەو شاعیرە ساڵی ١٣٦٤ لە شاری کرماشان لە دایک بووە و بە یەکێک لە شاعیرە نوێخوازەکان و خاوەن فکری کرماشان ئەژمار دەکرێت.

هاوکات ئێحسان نەجەفی لە وێبلاگی تایبەتیی خۆیدا بڵاوی کردۆتەوە، کە چەندین جار ناوی ئەو کتێبەکەیان پێ گۆڕیەوە و نزیک بە ٣٠ لاپەڕە لە شێعرەکانی ئەو کۆمەڵە شێعرەیان پێ لابردووە و بەرەوڕووی تیغی سانسۆڕ بۆتەوە.

کۆمەڵە شێعری گلوەدەرە کە چەند رۆژ پێش ئێستا چاپ و بڵاو کرایەوە، هەنووکە لە کتێبفرۆشییەکانی شاری سنە، ئیلام و کرماشان لە بەر دیدی خوێنەران و ئۆگرانی شێعری کوردی دایە.

لەم چەند ساڵەی دواییدا سەرەڕای ئاستەنگ و فشاری دەزگا حکوومەتییەکان، رەوتێکی رۆشنبیریی بەهێـز و بووژانەوەی فەرهەنگی لە ئوستانی کرماشان دەستی پێ کردووە و دەگوترێت کە تەنیا ساڵی رابردوودا زیاتر لە ٣٠٠ کتێب لەو ئوستانە چاپ و بڵاو بوونەتەوە.
\"15420.jpg\"