چاوپێکەوتنی چالاکانی مەدەنی کوردستان لەگەڵ بنەماڵەی مامۆستا ڕەبیعی

13:30 - 10 سەرماوەز 2718
ئاژانسی کوردپا: ژمارەیەک لە چالاکانی مەدەنیی و مافی مرۆڤی کوردستان لەگەڵ بنەماڵەی مامۆستا محەممەد ڕەبیعی دیدار و چاوپێکەوتنیان کرد.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ژمارەیەک لە چالاکانی مەدەنیی و مافی مرۆیی کوردستان لە بەرەبەری ٢٢هەمین ساڵیادی تیرۆری مامۆستا محەممەد ڕەبیعی لەگەڵ بنەماڵەی ناوبراو چاوپێکەوتنیان ئەنجام دا.

لەو دیدار و چاوپێکەوتنەدا، عایشە مەفاخری هاوژینی مامۆستا محەممەد ڕەبیعی، لە پەیوەندیی لەگەڵ چۆنیەتی بەداواداچوونی دۆسیەی تێرۆری مامۆستا ڕەبیعی چەند وتەیەکی باس کرد و هەروەها پێداگری لە سەر بەدواداچوونی ئەم دۆسیەیە کرد.

ساڵی ڕابردوو، هاوژینی مامۆستا مەلا محەممەد رەبیعی لە پەیامێکدا بە بۆنەی ٢١ـەمین ساڵڕۆژی تێرۆری مەلا محەممەد ڕەبیعی، داوای لە ویژدانە نەخەوتووەکانی کۆمەڵگە کرد دەنگی ناوبراو بن.

ناوبراو باسی لەوە کردووە، دوای ٢١ ساڵ لە قەتڵە زنجیرەییەکان سەرەڕای بەدواداچوونی زۆر بە ئاکامێک نەگەیشتووین، ئێمە بەردەوام دەمانهەوێ ئەو دۆسیە ڕوون ببێتەوە.

مەلا محەممەد ڕەبیعی ساڵی ١٣١١ی هەتاوی لە گوندی \"دراسپ\" سەر بە شاری دیواندەرە چاوی بە دنیا هەڵێنا و لە ساڵی ١٣٤٥ی هەتاوی لە کێبڕکێی نێودەوڵەتیی خوێندنەوەی قورعان لە پاکستان بەشداری کرد، دوای عەبدولباسیت، قاڕیی بەناوبانگی خەڵکی میسر پلەی دووهەمی بە دەست هێنا، ناوبراو سێ زمانی کوردی، فارسی و عەرەبی دەزانی و کۆمەڵێک شێعر و نووسراوەی چاپ کردووە و سەرجەم ٥٠ بەرهەمی نووسراوەی هەیە.

مامۆستا ڕەبیعی پاییزی ساڵی ١٣٥٧ی هەتاوی وەک پێشنوێژی هەینی مزگەوتی جامیعی ئیمام شافعی کرماشان هەڵبژێردراو و لە ڕێکەوتی ١١ی سەرماوەزی ساڵی ١٣٧٥ی هەتاوی لە چوارچێوەی قەتڵە زنجیرەییەکانی حکوومەتی ئێراندا تێرۆر کرا.