چاوپێکەوتنی سێ رۆژنامەنووسی دیکەی کورد لەگەڵ ئەحمەد شەهید + وێنــە

20:28 - 2 بەفرانبار 2713
ئاژانسی کوردپا: سێ رۆژنامەنووسی کوردی نیشتەجێی وڵاتی فەرانسە لەپەیوەندی لەگەڵ پرسی مافی مرۆڤ لەناوچە کوردنشینەکانی ئێران چاویان بە رێپۆرتێری تایبەتیی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری مافی مرۆڤ لەئێران کەوت.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا؛ رێکەوتی ٣٠ی سەرماوەزی ئەمساڵ شلێر دەروێشی، جەماڵ پوورکەریم و خەبات قوربانی سێ رۆژنامەنووس و چالاکی مافی مرۆڤ سەبارەت بە پێشێلکردنی مافی مرۆڤ لە ناوچە کوردنشینەکانی ئێران لەلایەن حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە دەرهەق بە هاووڵاتییان، دانیشتنێکیان پێکهێنا.

\"17540.jpg\"
جەماڵ پوورکەریم و ئەحمەد شەهید
جەماڵ پوورکەریم لە دیمانەیەکدا بە ئاژانسی کوردپای راگەیاند، کە لەو دانیشتنەدا باسێکی گشتییان لەسەر پێشێل کردنی مافی هاووڵاتییان، رۆژنامەنووسان، پرسی کوشتنی کۆڵبەران و هاووڵاتییانی مەدەن بە دەستێ هێزە نیزامییەکان لەگەڵ ئەحمەد شەهید هێناوەتە بەر باس و ئاماری ئەو پێشێلکارییانەیان پێشکەش بە ئەحمەد شەهید کردووە.

ئەو رۆژنامەنووسە کوردە گوتیشی، لە بەشێک لەو دانیشتنەدا شلێر دەروێشی باسی لە مینی چێندراوی ناوچە سنوورییەکانی کوردستانی ئێران کرد و رایگەیاند کە مینی بەجێماوی شەڕی ٨ ساڵەی نێوان ئێران و ئێراق بە بەردەوامی هاووڵاتییانی کورد دەکاتە قوربانی و هەتا ئێستاش ئەو مینە چێندراوانە هەڵنەگیراونەتەوە.

\"17541.jpg\"
شلێر دەروێشی و ئەحمەد شەهید
ئەو دانیشتنە کە ٢ کاتژمێری خایاند، جەماڵ پوورکەریم باسی لە دۆخی زیندانیانی سیاسیی کوردی وەکوو محەمەمد سەدیق کەبوودوەند، عەدنان حەسەن‌پوور، خوسەرەو مەسعوود کوردپوور و هەروەها ٢٢ زیندانیی سیاسیی کوردی مەحکووم بە سێدارە کرد و گوتی کە سەرجەم ئەم کەسانە بە شێوەیەکی ناعادڵانە لەلەیەن دەزگای قەزایی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە سزای زیندانی درێژماوە و سێدارەیان بۆ بڕاوەتەوە.

\"17542.jpg\"
خەبات قوربانی و ئەحمەد شەهید
هەروەها خەبات قوربانی باسی لە کوشتاری هاووڵاتییانی دەیەی ٦٠ی هەتاوی لە ناوچە کوردنشینەکانی ئێرانی هێنایە بەر باس و ئاماژەی بە کۆمەڵکوژیی لە گوندەکانی قەرەگۆل، سەوزی، سەرچەنار، ئیندرقاش، قاڕنێ و قەڵاتان کرد کە تیایدا بەسەدان هاووڵاتیی کورد بەدەستی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران کۆمەڵکوژ کران.

پێشتریش ئەمجەد حوسێن پەناهی سەبارەت بە پێشێلکاریی مافی مرۆڤ لەئێران و بەتایبەت ناوچە کوردنشینەکانی ئەو وڵاتە، چاوی بە ئەحمەد شەهید کەوتبوو.