چاندنی ٤ هەزار بەڕوو بە بۆنەی قوربانیانی بوومەلەرزەی کرماشان لە شاری جوانڕۆ

20:20 - 23 خەزەڵوەر 2718
ئاژانسی کوردپا: لە سەر بانگهێشتی ئەنجومەنی سەوزی ماپرێس، لە دەورووبەری شاخەکانی شاری جوانڕۆ ٤ هەزار بەڕوو چێندرا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، دوانیوەڕۆی ڕۆژی سێشەممە ٢٢ی خەزەڵوەر، بە هیمەتی ئەنجومەنی سەوزی ماپرێس لە شاری جوانڕۆ و بەشداری لاینگەرانی ژینگە، نزیکەی ٤ هەزار بەڕوو بە بۆنەی یەکەمین ساڵڤەگەڕی بوومەلەرزەلێدراوانی کرماشان لە بەرزاییەکانی پارکی جەنگەلی ماپرێس چێندران.

بەشداربووانی ڕێوڕەسمی چاندنی بەڕوو، وێرای بەرزڕاگرتنی یاد و بیرەوەری قوربانیان و لێقەوماوانی ئەو ڕووداوە، بەڕوویان وەکوو سێمبولی خۆڕاگری لە بەرانبەر کێشە و دژووارییەکان زانیووە.

ئامانج لەو ڕێوەڕەسمە، لابردنی ئەو خەم و خەفەت و ناڕەحەتییانە بوو کە لە ئەنجامی بوومەلەرزەی ساڵی ڕابردوو و هەروەها هەست بە بەرپرسایەتی بە نیسبەت پاراستن و بووژاندنەوەی داربەڕووەکانی زاگرۆس ڕاگەیاندووە.

پاش تەواو بوونی ئەم ڕێورەسمە، ئەنجومەنی سەوزی ماپرێس وێرای سپاس و پێزانین لە تەواوی بەشداربووانی ئەو ڕێوڕەسمە کە یاد و بیرەوەری بەرکەوتووانی بوومەلەرزەی کرماشانیان بە باشتری شێوە و بەم هەوڵە ژینگەپارێزیە بەرزڕاگرتووە، تەواوی لاینگەرانی ژینگەپارێزیان لە کوردستان بانگهێشت بە چاندنی بەڕوو کردووە.