چاندنی برینج لە پارێزگای کرماشان قەدەغە کرا

21:53 - 16 خاکەلێوه 2718
ئاژانسی کوردپا: چاندنی برنج بە هۆی کەمی باران و نەبوونی ئاو لە پاڕێزگای کرماشان لە سەر بڕیاری شیرکەتی ئاوی ناوچەیی ئەو پارێزگایە قەدەغە کرا.

بەڕێوەبەری گشتیی ئاوی ناوچەیی پارێزگای کرماشان لە وتووێژێکدا لەگەڵ \"باشگاە خبرنگاران جوان\" ڕایگەیاند: \"ئەم ڕەوتە بەپێچەوانەی ئۆلگووی چاندنی برینج لە ئاستی پارێزگای کرماشانە و جوتیاران مافی چاندنی ئەو بەرهەمەیان نییە کە پێویستی بە ڕێژەی زۆری ئاو هەیە\".

\"کیاسەت ئەمیریان\" لە درێژەدا ڕایگەیاند: \"چاندنی برینج لەو ناوچانەی کە ڕێژەی بارینی باران زیاتر لە ٨٠٠ میللی‌میترە دەچێندرێت و پارێزگای کرماشان هەتا ئێستا ٣١١ میللی‌میتر بارانی لێ باریووە و شوێنی پێویستی بۆ چاندنی ئەو بەرهەمە نییە\".

بە وتەی ئەو بەرپرسە حکوومەتییە، لە ساڵانی ڕابردوودا، سەرەڕای دابەزینی ڕێژەی بەرچاوی باران بارین لە ئاستی ئێران و هەروەها بڵاوکردنەوەی بەیاننامەکان، چاندنی برینج لە شارەکانی سەحنە و هەرسین قەدەغە ڕاگەیەندراوە و لە ئەگەری دووبارەبوونەوەی چاندنی ئەو بەرهەمە بە حوکمی ناوەندە قەزاییەکان، ئەو بەرهەمە لە ناو دەچێت و بەرپرسایەتی لە ئەستۆی خودی جووتیارانه.

ئەمیریان لە درێژەدا دەڵێت: \"چاندنی برینج تەنیا لە ناوچەکانی باکووری ئێران ڕێگەپێدراوە و لە پارێزگای کرماشان بە هۆی کەمیی باران پێویستی بە \"صرفە‌جویی\" لە بواری کشتوکاڵی زیاتر هەستی پێدەکرێت و دەبێت بە شێوەی جیددی لە بواری پاشەکەوتی ئاو بەدواداچوونی بۆ بکەین\".