چالاكێكی فەرهەنگی لە ئەهواز بە 10 ساڵ زیندان حوكم درا

16:46 - 11 خاکەلێوه 2712
كوردپا: دادگای ئینقلابی شارستانی ئەهواز لە سەرەتای مانگی خاكەلێوەدا هاووڵاتییەكی عەرەبی ئەهوازی بە 10 ساڵ زیندان حوكم دا.

بەپێی راپۆرتی چالاكانی مافی مرۆڤی ئەهواز،\"محەممەد حەردانی\"خەڵكی گەڕەكی مەلاشیە لە شارستانی ئەهواز چەند مانگ لەمەوبەر لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەكانی حكوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر كرا.

بە وتەی شایەتخالان، ئەو هاووڵاتییە بە تاوانی چالاكیی فەرهەنگی و روون و شیكردنەوەی مافی هاووڵاتیی لە ناوچە عەرەب نشینەكان، دەستبەسەر كراوە.

سەرچاوەكە ئاشكراشی كرد، حەردانی لە ماوەی دەستبەسەر كردنیدا خراوەتە ژێر ئەشكەنجە و ئازار و ئەزیەتی رۆحی و دوای راگرتنی لە زیندانی تاكەكەسیدا، بۆ تێپەراندنی حوكمەكەی رەوانەی زیندانی كاروون كراوە.

لێپرسراوانی قەزایی و ئەمنیەتیی حكوومەتی ئیسلامیی ئێران بە شێوەیەكی بەردەوام تاوانی تیرۆریست دەدنە پاڵ چالاكانی فەرهەنگی، مەدەنیی، سیاسیی و هاووڵاتیانی دەستبەسەر كراوی عەرەب.

لە كۆتاییەكانی مانگی رەشەممەی 1390‌دا ژمارەیەكی دیكە لە چالاكانی عەرەب بە زیندان و ئیعدام حوكم دران.

تەها حەیدەریان تەمەن 28 ساڵ كوڕی رەحیم، عەباس حەیدەریان تەمەن 24 ساڵ و كوڕی جاسم، ناسر حەیدەریان تەمەن 21 ساڵ و كوڕی رەحیم، عەلی شەریفی تەمەن 25 ساڵ حوكمی ئیعدام و زیندانی بۆ بڕایەوە.

بەڵام هەتا ئێستا زانیاری ورد لەبەر دەستدا نیە كە كام لەو هاووڵاتییە عەرەبانە حوكمی ئیعدامیان پێدراوە و كامیان زیندانیان بۆ بڕاوەتەوە.

ئەو چوار هاووڵاتییە خەڵكی گەڕەكی \"مەلاشیە\"ی شاری ئەهوازن.

هەر لەو پێوەندییەدا دوو هاووڵاتیی دیكەی عەرەبیش بە ناوەكانی ئەمیر مەعاوی تەمەن 24 ساڵ و عەباس حەیدەری تەمەن 26 ساڵ كوڕی عەبدولحەسەن سەرجەم بە 56 ساڵ زیندان و دوور خرانەوە بۆ پارێزگای مازندەران حوكم دران.

پێشتریش زیاتر لە 70 كەس لە چالاكانی سیاسیی عەرەب لە شارەكانی شووش، ئەهواز و حەمدیە دەستبەسەر كرابوون.

رێكخراوی نێودەوڵەتیی مافی مرۆڤ و رێكخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتیی لە بەیاننامەیەكدا خوازیاری بەڕێوە چوونی دادگایەكی دادپەڕوەرانە بۆ دەستبەسەر كراوەكان بوون.