چالاكێكی‌ سیاسیی كورد‌ بەناچاری وڵاتی‌ بەجێهێشت

15:36 - 28 پووشپەڕ 2712
ئاژانسی كوردپا: چالاكێكی سیاسیی كورد بەهۆی‌ گوشاری‌ دەزگا ئەمنیەتی و نیزامییەكانی حكوومەتی ئیسلامیی ئێران بۆ سەر خۆی ‌‌و بنەماڵەكەی‌، بە ناچاری وڵاتی‌ بەجێهێشت.


بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا، ئەحمەد عەلیزادە ناسراو بە \"هیوا\" چالاكی‌ سیاسیی كورد‌ و كوڕی‌ عەلی‌، تەمەن 25 ساڵ‌ و لەدایكبووی‌ شاری‌ شنۆ‌ و دانیشتووی‌ شاری‌ پیرانشار، خاوەن بڕوانامەی لیسانسی كەشاوەرزی‌ بەهۆی زەخت و گوشاری ئیدارەی ئیتلاعاتی حكوومەت بۆ سەر خۆی ‌‌و بنەماڵەكەی‌ بە ناچاری وڵاتی‌ بەجێهێشت.
هەواڵنێری كوردپا لە درێژەی راپۆرتەكەیدا ئاشكرای كردووە، مەئموورانی ئیدارەی ئیتلاعاتی لە شاری پیرانشار بە مەبەستی دەستبەسەر كردنی ئەحمەد عەلیزادە سەردانی ماڵەكەیان كردووە، بەڵام بەهۆی‌ ئەوەی‌ كە ناوبراو لە ماڵەوە نابێ‌ سەركەوتوو نەبوون.
لە درێژەی ئەو راپۆرتەدا هاتووە، ئیدارەی ئیتلاعات زەخت و گوشاریان خستۆتە سەر بنەماڵەی‌ ناوبراو كە دەبێ‌ كوڕەكەتان خۆی‌ بە ئیدارەی‌ ئیتلاعات بناسێنێ‌‌، ئەحمەد عەلیزادەش كە هەواڵی ئەم زەخت و گوشارەی زانیوە، بە ناچاری وڵاتی‌ بەجێ‌ هێشتووە، بەڵام گوشارەكان بۆ سەر بنەماڵەكەی‌ هەر بەردەوامن.