چالاكێكی خوێندكاریی كوردی دوای تێپەڕینی یەك مانگ گیران، چارەنووسی نادیارە

17:00 - 20 گەلاوێژ 2712
ئاژانسی كوردپا: دوای تێپەڕینی یەك مانگ لە دەستبەسەر كردنی ئەدیبە كەلانتەری چالاكی خوێندكاری خەڵكی روانسەر لەلایەن هێزە ئەمنیەتییەكانی ئەو شارەوە، هەتا ئێستا هیچ زانیارییەك لەمەڕ چارەنووسی نیە و ئەوەش بۆتە هۆی پەرۆشیی بنەماڵەكەی.

بەپێی هەواڵی ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا، یەكێك لە نزیكەكانی بنەماڵەی ئەو كچە كوردە بە هەواڵنێری كوردپای راگەیاندووە، دوای تێپەڕینی یەك مانگ لە دەستبەسەر كردنی ئەدیبە كەڵانتەری، بنەماڵەكەی هیچ زانیارییەكیان لە هۆكاری دەستبەسەر كران و شوێنی راگرتنی كچەكەیان لەبەر دەستدا نیە.

ئەدیبە كەڵانتەری تەمەن 27 ساڵ و دەرچووی رشتەی راوێژكاری، رێكەوتی 20‌ی پووشپەڕ لەلایەن هێزە ئەمنیەتییەكانی ئیدارەی ئیتلاعاتی روانسەرە دەستبەسەر و بۆ شوێنێكی نادیار راگوێزرا.

هەواڵنێری كوردپا لە زاری هێندێ‌سەرچاوەی ئاگادارەوە رایگەیاند، ئەدیبە كەڵانتەری یەكێك لە چالاكانی خوێندكاریی شاری روانسەر بووە و پێشتریش بۆ ماوەیەكی كاتی دەستبەسەر كراوە.

لە كاتی دەستبەسەر كرانی ئەو كچە كوردە بنەماڵەكەی هەموو هەوڵەكانیان بە مەبستی ئاگادار بوون لە رەوشی ئەدیبە وەگەڕ خستووە، بەڵام هەتا ئیستا هیچ وەڵامێكیان نەدراوەتەوە.

بارودۆخی نادیاری ئەدیبە پەرۆشی لای بنەماڵەكەی درووست كردووە.