چالاکە یارسانییەکی وێبلاگنووسی کورد دەستبەسەر کرا

13:49 - 8 رێبەندان 2713
ئاژانسی کوردپا: لە درێژەی رەوتی فشار بۆسەر چالاکانی مەزهەبی و ئایینیی کورد، چالاکێکی یارسانی و وێبلاگ‌نووسی کوردی خەڵکی کرماشان دەستبەسەر کرا.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا؛ لە رۆژانی رابردوودا چالاکێکی یارسانی کورد خەڵکی کرماشان بەهۆی چالاکی ئایینییەوە لە ماڵەکەیدا و لەلایەن هێزە لیباس شەخسییەکانەوە دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار راگویزرا.

ئەمیر عەلی (مێهرداد) مێهران نیا، ئەو وێبلاگ‌نووسە کوردەیە، کە رۆژی چوارشەممە رێکەوتی ٤ی بەفرانبار، لە کاتی دەستبەسەر کرانیدا بەرەوڕووی لێدان و سووکایەتی کردن بۆتەوە.

\"18087.jpg\"
ئەمیر عەلی (مێهرداد) مێهران نیا،چالاکێکی یارسانی و وێبلاگ‌نووسی کوردی خەڵکی کرماشان دەستبەسەر کرا
ماڵپەڕی \"جەڕەس\" بڵاوی کردۆتەوە، هێزە ئەمنییەکان چوونەتە ماڵی ئەو دەروێشە یارسانییە و وێڕای پشکنینی ماڵەکەی، دەستیان بەسەر کامپیوتێر، فایلی کۆمپیوتێری، سی‌دی و کتێبەکانی ناوبراویشدا گرتووە.

هێزە ئەمنییەتییەکان هەڕەشەیان لە بنەماڵەی ئەو دەروێشە یارسانییە کردووە و پێیان وتوون، لە میدیایی کردنەوەی دەستبەسەر کردنی ئەمیر عەلی مێهران نیا، خۆ ببوێرن.

هەتا ئێستاش پاش زیاتر لە یەک مانگ، هیچ هەواڵێک لە هۆکاری دەستبەسەر کران و شوێنی راگیران و بارودۆخی ئەو چالاکە یارسانییە و نووسەری وێبلاگی \"یاری\" لەبەر دەستدا نییە.

یارسانییەکان لە روانگەی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە وەکوو مەکتەب یان مەزهەبێک بە فەرمی نەناسراون، چونکە لە روانگەی ئەو حکوومەتەوە ئایین کۆمەڵە بیروباوەڕێکە، کە لەلایەن خواوەندەوە و لە رێگەی پێغەمبەرانەوە بۆ خەڵک دەنێردرێت. حکوومەتی ئیسلامیی ئێران دەڵێت: \"یارسانییەکان پەیوەندییان لەگەڵ بن میچی ماڵەکەی خۆیان نییە، چ بگات بە پێخەم (وحی).\"

پەیڕەوانی ئایینی یاری بە گەورەترین کەمینەی ئایینی لە وڵاتی ئێران دادەندرێن کە لە هەموو جۆرە مافی هاووڵاتی بوونێک بێبەرین، و بە بەردوامی لەلایەن حکوومەتەکان و توندئاژۆ ئیسلامییەکان بەرەوڕووی هەڵاواردن و بێحورمەتی دەبنەوە.