چالاکێکی ئەدەبی لە بۆکان بە دوو ساڵ زیندان مەحکووم کرا

10:58 - 23 سەرماوەز 2719

ئاژانسی کوردپا: لقی ١٠١ی دادگای کەیفەریی بۆکان، چالاکێکی ئەدەبیی کوردی بە ٢ ساڵ زیندان مەحکووم کرد.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کورددپا، ڕۆژی چوارشەممە، ٢٠ی سەرماوەز، "سمکۆ مەعرووفی"، چالاکی ئەدەبیی خەڵکی بۆکان، لەلایەن لقی ١٠١ی دادگای کەیفەریی ئەو شارەوە بە ٢ ساڵ زیندان مەحکووم کرا.

دادگای بۆکان بە تۆمەتەکانی "تێکدانی نەزمی گشتی، بەشداری لە کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەکانی پشتیوانی لە ڕۆژئاوا و چالاکیی ژینگەپارێزی"، ئەو حوکمەی بەسەر ئەو هاووڵاتییەدا سەپاندووە.

ڕۆژی سێشەممە، ٢٣ی ڕەزبەر، "سمکۆ مەعرووفی" لەگەڵ سێ چالاکی ئەدەبیی خەڵکی بۆکان بە ناوەکانی "ژاکاو ئیسماعیلپوور، هومەن فەیزی و شاهۆ خزری"، لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتەوە دەسبەسەر کران.

ئەم چوار چالاکە کوردە، دوای کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەکان بۆ پشتیوانی لە کوردستانی ڕۆژئاوا، لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانی بۆکانەوە دەسبەسەر و دواتر بۆ لێپرسینەوە ڕەوانەی گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ کراون.

"سمکۆ مەعرووفی" پاش گواستنەوەی بۆ زیندانی بۆکان، بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی لە زیندان ئازاد کرابوو.