چالاکێکی کوردی یارسان ناچار بە هەڵاتن لە ئێران کرا

15:36 - 17 گەلاوێژ 2716
ئاژانسی کوردپا: یەکێک لە هەواڵنێرانی شاری کرماشان بە هۆکاری زەخت و هەڕەشەی ئیدارەی ئیتلاعات، پەرتەوازەی دەرەوەی وڵات بوو.

بەپێی هەواڵی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لەسەرەتای مانگی گەلاوێژەوە چالاکێکی کوردی یارسان بەناوی مەهدی سادقی هاوڕێ لەگەڵ هاوسەر و کچە کەمتەمەنەکەی بەناچاری شوێنی نیشتەجێ‌بوونی لە شاری کرماشان بەجێهشت.

ئەو هاووڵاتییە کوردە هەواڵنێر و وێنەگری حەتوونامەی \"نوای وقت\" لە کرماشان بووە.

مەهدی سادقی لە وتووێژێک لەگەڵ ئاژانسی کوردپا وێڕای پشتڕاستکردنەوەی بەجێهشتنی کوردستان، ڕایگەیاند: لە بوارەکانی مەدەنی، ڕۆژنامەوانی و بەرگری لە مافی کوردانی یارساندا چالاک بووم و ناوەندە ئەمنییەکان لەم دوایانەدا زەخت و هەڕەشەیان بۆسەر من زیاتر کرد.

\"\"بە گوتەی ئەو ڕۆژنامەوانە، لە پێش و پاش هاتنی حەسەنی ڕووحانی بۆ کرماشان لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتەوە بانگهێشت و هەڕەشەی ئەویان دەکرد کە نابێ هیچ ناڕەزایەتییەک لەهەمبەر مافی کوردانی یارسان دەرببڕن.

لەکاتی هاتنی حەسەن ڕووحانی بۆ کرماشان، چەندین چالاک و هەڵسووڕی یارسان دەستبەسەر و سێ کەس لەوانە بەناوەکانی سەید ئەمین عەباسی شائیبراهیمی، سیاوەش حەیاتی و نووشاد تاهیری بەنیشان ناڕەزایەتی بە دۆخی هاووڵاتییانی یارسان لێوی خۆیان دووریەوە.

سەبارەت بە چۆنیەتی چوونەدەرەوە لە ئێراندا، مەهدی سادقی بە هەواڵنێری کوردپای وت: ئیدارەی ئیتلاعات پێداگری لەسەر ئەوەی دەکرد کە ڕێکخستن و هاندانی یارسانەکان بۆ مانگرتن و ناڕەزایەتی دەربڕین، کار و کردەوەی من بووە و بۆیە بە ڕاوێژ لەگەڵ هاورێیان، ڕۆژی ٣١ی پووشپەڕی ئەو ساڵ هاتمە دەرێ و ئێستا لەگەڵ هاوسەر و منداڵەکەم لە شاری ئانکارا نیشتەجێم.

مەهدی سادقی زیاتر لە ٤ ساڵە وەک هەواڵنێر، وێنەگر و کارتۆنیستی بڵاڤۆکی \"نوای وقت\"ـی کرماشان سەرقاڵی کاری ڕۆژنامەوانییە.

هاووڵاتییانی یارسانی لە ئێران، سەرەڕای ئەوەیکە لە یاسای بنەڕەتیی ئەو وڵاتەدا بە فەرمی وەکوو کەمینەیەکی ئایینی نەناسراون، بەردەوام لەلایەن دەسەڵاتەوە وەکوو \"فیرقە(تاقم)\" ناویان هاتووەو لە ماوەی چەند ساڵی رابردووشدا دەیان جار لەلایەن ناوەندە حکوومەتییەکانی ئێرانەوە پێکراوە.

لینکی پێوەندیدار:
سێ هاووڵاتیی یارسان لێوی خۆیان دورییەوە