چالاکێکی کوردی خەڵکی شاری شنۆ، بانگهێشتی ئیتلاعات کرا

16:44 - 14 بانەمەڕ 2719
ئاژانسی کوردپا: ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری شنۆ، هاووڵاتییەکی خەڵکی ئەو شارەیان بانگهێشت و لێپرسینەوەیان لەگەڵ کرد.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی پێنجشەممە، ١٢ی بانەمەڕ، هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی \"عەبدوڵکەریم کاکول\"، کوڕی ڕەحیم، خەڵکی گوندی \"حەسەن نووران\"ی شاری شنۆ، بانگهێشتی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری شنۆ کرا و لێپرسینەوەی لێکرا.

ئەو هاووڵاتییە کوردە، لە پەیوەندی لەگەڵ شەڕ و پێکدادانی دانیشتووانی گوندی حەسەن نووران لەگەڵ هێزەکانی سپای پاسداران لە ڕێورەسمی جێژنی نەورۆزدا، لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە، لێکۆڵینەوەی لێکراوە.

هێزە ئیتلاعاتییەکان هەڕەشەیان لەم هاووڵاتییە کوردە کردووە، لە ئەگەری هاوکاری نەکردنی ئەوان لەگەڵ سزای قورسی قەزایی بەرەڕوو دەبێتەوە. ئەم هاووڵاتییە کوردە پاش چەند کاتژمێر لێپرسینەوە ئازاد کرا.

ڕۆژی دووشەممە، ١٧ی ڕێبەندانی ساڵی ٩٧، عەبدوڵکەریم کاکول لەگەڵ \"سابیر زوالقەرنین\"، خەڵکی گوندی \"حەسەن نووران\"ی شاری شنۆ، لە لایەن هێزەکانی سپای پاسدارانەوە دەسبەسەر و ئازار و ئەشکەنجە کران.